درێژەی پێشێلکرانی ئاگربەس لە غەززە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاند، پەلامارەکانی رژێمی زایۆنیستی بۆسەر غەززەو شەهیدو بریندارکرانی ژمارێکی دیکە لە خەڵکی فەلەستین هەروا بەردەوامە.
لە درێژەی پێشێلکرانی ئاگربەس لە کەرتی غەززە، چەکدارانی داگیرکەری زایۆنی چەند شوێنێکیان لە کەرتی غەززە دایە بەرپەلامار. سەرچاوەیەکی پزیشیکی لە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا ڕایگەیاند کە لەئاکامی هێرش و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنی بۆسەر شوێنی گردبوونەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگای مەغازی هەڵکەوتوو لە ناوەندی کەرتی غەززە، دوو کەس شەهیدبوون و بەدەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، میدیا فەلەستینیەکان ڕایانگەیاند؛ دوو فەلەستینی دیکە بەزەبری گولـلەی چەکدارانی زایۆنی لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە شەهیدبوون. شیاوی ئاماژەیە کە تەقەو دەستڕێژی قورسی سوپای رژێمی زایۆنیستی بۆسەر گردووپەڕی میحوەری "موراگ" لە باکوری شاری ڕەفەح و لە باشووری کەرتی غەززە، هەروا بەردەوامە. هاوکات، هێزە داگیرکەرەکان دەستیان کردووە بە تەقاندنەوەو وێرانکردنی باڵەخانەو بینا ئاوەدانەکانی شاری رەفەح و تانکەکانی ئەو رژێمەش هەروا درێژە دەدەن بە گولـلەباران و تەقەو دەسڕێژەکان لە باکوری رۆژاوای ئەو شارە. بەپێی چەند ڕاپۆرێک، تانکەکانی رژێمی زایۆنیستی هەروەها رۆژهەڵاتی شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززەشیان داوەتە بەر پەلامار. لە هەواڵێکی دیکەشدا، وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند کە تەرمی ١٥ شەهیدی دیکەی لە رژێمی زایۆنیستی وەرگرتووە. هەواڵدەریی شەهابیش ڕایگەیاند؛ کۆپتەرێکی جۆری ئاپاچی رژێمی زایۆنی، دەورووبەری رۆژهەڵاتی غەززەی بۆردومان کرد. هەروەها ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی خان یونسیش کەوتە بەرپەلاماری قورسی تانکە زایۆنییەکانی جێگیر لە ناوچەکە. لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەش کۆپتەرە داگیرکەرەکان راستەوخۆ هەڵیانکوتایەسەر کەرتی رۆژهەڵاتیی کەمپی ئاوارەکانی بوریج و بوونە مایەی ترس و تۆقانی دنیشتووانی ئەو کەمپە. ریاز مەنسور نوێنەری هەمیشەیی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، لە کاتی جێبەجێکرانی ئاگربەس لە غەززەوە، رژێمی زایۆنیستی لانیکەم ٥٠٠فەلەستینی شەهید کردووە و هەروا درێژە دەدا بە کاولکارییەکانی. بەپێی ئەو ڕاپۆرە، درێژەی پەلاماری زایۆنییەکان، سەرماو سۆڵەو داخرانی دەروازەی رەفەح، بووەتەمایەی بەردەوامیی قەیرانی مرۆیی لەو ناوچەدا، ئەوە لەکاتێکدایە کە قۆناخی دووەمی ڕێککەوتننامەی ئاگربەس لە غەززە دەس پێ بووە.