ته‌مووز 12, 2022 21:20 Asia/Tehran
  • پەلەقاژەی «بایدێن» لەمەڕ پاسادانی گەشتەکەی بۆ عەرەبستان

لە سەروبەندی گەشتەکەی «جۆ بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان، ناوبراو لە وتارێکدا لە واشێنگتۆن پۆست بانگەشەی کرد کە لەماوەی ١٨ مانگی سەرۆک کۆمارەتییەکەی دا، ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بەسەقام تر ھێمن تر لەڕابردوو بووە.

«بایدێن» لە کاتێکدا سەردانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا دەکات کە گەشتەکەی بۆ عەرەبستان لەگەڵ ڕەخنە وگازەندەی بەرفراواندا ڕووبە ڕوو بووەتەوە. 

پێوەندیی ئەمریکا وعەرەبستان لە ماوەی یەک و دوو ساڵی ئەم دواییە لە بەر ھۆکاری جۆربەجۆر لەوانە پێشینەی مافی مرۆڤی ڕیاز، کوژرانی جەماڵ خاشۆقچی ڕۆژنامەوانی واشێنگتۆن پۆست و هەروەها بیروڕادەربڕینەکانی پێشووی بایدن کە وتبووی عەرەبستان تەرێک دەخاتەوە ، توشی ئاڵوزی ھاتووە. توێژینەوەی ڕێکخراوەکانی هەواڵگری ئەمریکا پیشان دەدات پاشمیری عەرەبستانی سەعودی بەرپرسی کوژرانی «خاشۆقچی»ـە.

ڕەخنەگرانی گەشتەکەی «بایدێن» لەو باوەڕەدان کە ئەوەی وا لەم ناوەدا بۆ بایدن  گرینگە مژاری نەوت وپێویستییەکەی بە عەرەبستانە لەم بوارەدا. بایدن لەحاڵێکدا بڕیارە لە گەشتەکەی ڕیازی لەگەڵ محەممەدی کوڕی سەلمان ، پاشمیری عەرەبستان دیدار بکات کە بە رلەوە ناوبراوی تەریک خستبووەوە. بەڵام ئێستاکە بە پێچەوانەی هەموو ئیدعا وبانگەشەکان،  بریارە لەم گەشتەی دا ، لەبارەی پرس و مەسەلەگەلێکی وەک، نەوت، قەیرانی یەمەن، بەهێزکرانی هاوکاریی سەبازی و پێوەندیی نێوان ئیسراییل وعەرەبستان لەگەڵ کاربەدەستانی سەعودی وتووێژ بکات. ھەر پەیوەست بە ڕەخنە وگازەندەکانی ئەم گەشتە، ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەنامەیەک دا ڕوولە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە نووسیویانە: ناتوانین ماوە ی ئەوە بدەین کە محەممەدی کوڕی سەلمان پێی وا بێ بەبێ سزادران دەتوانێ دەستەڵاتی بەدەستەوە بێت و فەرمانڕەوایی بکات. 

بەسەرنج دانی ئەو ڕەخنە وگازەندە زۆرو بەرفراوانانەی  کە سەبارەت بە گەشتەکەی «بایدێن» هاتووەتە ئاراوە، ناوبراو لە وتارێکدا لە واشنتۆن پۆست هەوڵی بەرەڤانی کردن لە گەشتەکەی داوە. لەم ڕووەوە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە گوایە لەوەتەی دەستەڵاتی بە دەستەوە گرتووە، ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەمنتر ویەکپارچەتربووە. دیارە ئەمەش بانگەشەیەکە کە تەنانەت کاربەدەستانی پێشووی کۆشکی سپیش لەوانە مایک پەمپئۆی وەزیری دەرەوەی «دۆناڵد ترەمپ» ڕەخنەیان لێ گرتووە. 

«بایدێن» لە کاتێکدا سەردانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا دەکات کە سیاسەتەکانی بایکۆتکارانەی ئەمریکاو ئەوپەڕی گوشاری دژی ئێران پوچەڵ بووەتەوە ، سەربازانی ئەمریکی بەبڕیاریکی لەناکاو لە ئەفغانستان کشاونەتەوە، لە عێراق و سووریاش سیاسەتەکانی ئەمریکا شکستی هێناوەو شەڕی یەمەن هەروا بەردەوامە. لە وەھا دۆخێکدا ، بایدن، ئەمریکا وەک پێشەنگی دامەزرانی سەقام و پاوەجێیی  لە ناوچەکەدا دەناسێنێ.

«پۆل پیلار» ئەندامی پێشووی ڕێکخراوەی «سی ئای ئەی» لەم بارەیەوە نووسیویەتی: ھەڵوێستی «بایدێن» لە ھەمبەر وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا بووەتە ھۆی ئەوەی کە شکست ھێنانەکانی لە سەرکەوتنەکانی ئاشکراتر بن.

لەڕاستی دا «بایدێن» لە کاتێکدا باسی سەقام و ئاسایشتی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا دەکات کە نەک ھەر ھەوڵ و پەلەقاژەی ئەمریکا لەدژی وڵاتانی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا شکستی هێناوە، بەڵکو لەئێستادا شەڕی ڕووسیا وئۆکرانیاو کەم کرانەوەی وەبەرھێنانی نەوت، ناوچەکەو جیهانی خستووەتە ژێر کارتێکەرییەوە. بەم پێیە ھۆکارێکی گرینگی دیکەی گەشتەکەی بایدن بۆ عەرەبستان هەوڵدان بۆ ڕەزامەند کردنی ئەم وڵاتەو ھاوپەیمانەکانی بۆ وەبەرھێنان و پێشکەش کردنی زیاتری نەوتە. لەم پەیوەندییەدا دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا بەڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئەم وڵاتە لەباری وزەوە بە وڵاتانی ترەوە بەستراوە، وتیشی: ئێمە نەتەوەیەکین کە بۆ وەرگرتنی نەوت دەپاڕێینەوە و تکا ولاڵە دەکەێن لە عەربستان وڤەنێزۆئیلا.

ئەگەرچی کاربەدەستان و میدیاکانی ئەمریکا لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەهەوڵی پاسادانی گەشتەکەی «بایدێن» بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بوونە ،بەڵام دۆخی ئێستای وڵاتانی ناوچەکە دەربڕی شکست ھێنانی سیاسەتەکانی کۆشکی سپین .

ئەوەی وا ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیە کە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا هیچ کات ئامانجی دابین کردنی ئاسایشت نەبووە و هەموو جارێکیش ناھێمنیی و ئاڵۆزیی بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە بە دیاری ھێناوە.

سەرپەیڤ