تشرینی یه‌که‌م 15, 2022 18:21 Asia/Tehran
  • ناوچەگەرایی لە ڕۆژهەڵات، لۆژیکێک بۆ پەڕینەوە لە ڕۆژئاوا

زۆربەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستییە مەیدانیەکان و پێویستیی گۆڕینی جەمسەرگیریی ڕێکمەندیی جیهانی، هەوڵ دەدەن پەیوەندییە ناوچەییەکان فراوان بکەن بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان و پەڕینەوە لە گەمارۆی وشکانی.

کۆبوونەوەی سەرۆکانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕووسیا لە شاری ئاستانای پایتەختی کازاخستان، ڕۆژی هەینی ١٤ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو.سەرۆک کۆمارانی روسیا، تاجیکستان، کازاخستان، قڕقیزستان، تورکمەنستان و ئۆزبەکستان لە دانیشتنەکەدا ئاسۆی هاریکاری شەش قۆڵییان له بواری جۆربەجۆردا تاوتوێ کرد.

ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەی "ئاسیای ناوەڕاست - ڕووسیا" فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕووسیا ڕاگەیەندراوە. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و ڕووسیا بوو. لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پایتەختی کازاخستان سێ کۆبوونەوەی ناوچەیی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک کە پێش ئەمە کۆبوونەوەی سەرۆکردەکانی وڵاتانی سەربەخۆی ھاوبەرژەوەند لەئاستانە بەڕێوەبراو،لە کۆتاییدا چەندین رێوشوێنی هاوبەش ، لەنێویاندا پلانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا ساڵی ٢٠٢٥ پەسەند کرا.

هەروەها شەشەمین لوتکەی سەرکردەکانی کۆنفرانسی ھەڵس و کەوت و ھەنگاوی متمانەچێکەر لە ئاسیا (CICA) بە ئامادەبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم شارەو بە دەرکردنی بەیاننامەیەک کۆتایی پێهات و بڕیاری ئەوە درا کە«سیکا» لە کۆنفرانسەوە بگۆڕێت بۆ ڕێکخراوێک. گەشەی ناوچەگەرایی لە ئاسیا و بە تایبەت ئاسیای ناوەڕاست بە سەرنجدانی پێشهاتە سیاسی و ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکانی جیهان، ڕەھەندێکی نوێی حوکمڕانی لە ناوچەکەدا ئاشکرا دەکات.

گۆڕانکاری لە ھاوکێشەی دەسەڵاتی جیهانی لەڕێگەی دامەزراندنی ڕێکمەندییەکی جیهانی فرە جەمسەر بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونیی ئەمریکا لە چەند دەیەی ڕابردوودا یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی پێکهێنانی ڕێکخراو و دامەزراوە ناوچەییەکان لە ئاسیا.

بەسەرھاتی مێژوویی هاوبەش، کۆچ کردنی شارومەندانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕووسیا بۆ سەرزەوینەکانی یەکتر، پەیوەندییە ئابوورییەکان، سەرچاوەکانی وزە و گواستنەوەی، جێ و شوێنی جوگرافیایی ڕووسیا، دەستەبەرکردنی چەسپاوی و ئاسایشت لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای و ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشتی بەکۆمەڵ، ھەرهەموو ئەمانە بە گەڕانەوە بۆ ئەزمونی شەڕی ئۆکرانیا، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستی بەو ئەنجامە گەیاند کە ئەم فەکتەرە ڕاستەقینانە زیاتر لەوەی ڕۆژئاواییەکان باسی دەکەن، هاوکێشە مەیدانییەکان پێکدەهێنن. لەم ڕووەوە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست ھەتاکو دێت زیاتر هەوڵی فراوانکردنی ناوچەگەرایی دەدەن و بەرژەوەندییەکانیان بە وابەستەی هاوکاریی هاوبەشی ناوچەیی دەزانن، ھەر بۆیە «مارلین لارۆئێل»، مامۆستا لە زانکۆی جۆرج واشێنگتۆن وتوویەتی: کەمکردنەوەی کاریگەریی ڕووسیا لە ئاسیای ناوەڕاست لەوانەیە ھێندێک شەپۆلی ئاڵۆز لە ناوچەکەدا دروست کات، وەک چۆن لە قەیرانەکەی «قەرەباغ »دا دەرکەوت. هەروەها واش دیارە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و باشووری قەفقاز زیانێکی زۆریان بەهۆی کاریگەریی سزاکانی ڕۆژئاوا دژی ڕووسیا، بەر کەوتووە.

بوونی هێزگەلێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا، چین و هیندستان لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕێکخراوە ئاسیاییەکان لە ئێستادا نیشاندەری گۆڕانکاری لە تاکلایەنی و فرەلایەنیی ڕۆژئاوا بۆ فرەلایەنی لە ئاسیایە. بۆیە تەنانەت ماڵپەڕی زایۆنیستیی "جی پۆست"یش لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هاوکاریی شانگهای و سیکا لە قڕقیزستان و تاجیکستان نووسیویەتی: "ئەگەر دەتانەوێت بزانن جیهان بەبێ کاریگەریی ئەمریکا چۆن دەبێت، دەتانتوانی وەک چاودێرێکی کۆنفرانسی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای لە قرقیزستان ئامادە بن و دواتر ڕۆژی شەممە بەشداریی کۆنفرانسی ھەڵس و کەوت و متمانەچێکردنی ئاسیا بکەن لە تاجیکستان. بەم پێیە دەکرێ بگوترێ کە پێکهێنانی ئەم دامەزراوانەو هاوکاریی ناوچەیی لەئاسیا لە پاڵ قەیرانگەلی پێکهاتەیی و نێوخۆیی دامودەزگاکانی رۆژئاوا لەوانە یەکێتیی ئەوروپاو ناتۆ،بەسەرنجدانی تێچووی زۆری ئەندامەتییان؛ ئاماژەیە بۆ تێکچوونی ئەو ڕێکمەندییە جیهانییە جێی پەسەندی ڕۆژئاوا و ئەمریکاو هێزمەند کرانی جیهانی فرە جەمسەری لەسەر بنەمای هاوکاری لە دەڤەری ئاسیایی دا. ئەزموونی سەرکەوتووی هاوکاریی ئاسیا لە قەواخی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی نێوان وڵاتانی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیا، چین و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی بەرهەمدار لە گۆڕینی جیۆپۆلیتیکی دەستەڵات لە جیهاندا، بە جۆرێک کە ڕێگری لە هەژموونیی ئەمریکا بکات .

سەرپەیڤ