نیسان 25, 2023 17:44 Asia/Tehran
  • بایدن بە فەرمی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ دا کاندید کرد

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024 ڕاگەیاند.

هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمەریکا لە 5ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ بەڕێوەدەچێت و لە ئێستادا کاندیدەکانی نێو پارتەکان خەریکی ململانێن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر و دیاری کران وەک کاندیدی پارتەکەیان.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، بایدنی تەمەن ٨٠ ساڵ کە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکایە، ئەمڕۆ سێشەممە (٢٥ی ئاپریل) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند کە، خۆی بۆ خولی دووھەمی سەرۆکایەتیی بەسەر کۆشکی سپی دا لە ساڵی ٢٠٢٤ کاندید دەکات.

بایدن لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن تیمە نوێیەکەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، نیازی خۆی بۆ خۆکاندیدکردن ڕاگەیاند و جەختی کرد کە، کاری بەرگریکردن لە "دیموکراسی ئەمریکایە. ڤیدیۆکە بە وێنەی هێرشەکەی ٦ی ژانویەی ٢٠٢١ ی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ڕکابەری شیمانەیی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەستیپێکرد.

دوای ڕاگەیاندنەکەی بایدن، جێگرەکەی «کەمالا هەریس»یش ڕایگەیاند، لە هەمان پۆستدا شانبەشانی بایدن بۆ خولی دووەم ڕکابەری دەکات.

بایدن وتی: کاتێک چوار ساڵ لەمەوبەر کاندید بووم بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، گوتم ئێمە لە شەڕێکداین بۆ ڕۆحی ئەمریکا، ئێستاش لەو شەڕەداین. ئێستا کاتی ئەوە نییە کە ڕازی بیت (بە ئەدای خۆت). هەر بۆیە من خۆم بۆ دووبارە هەڵبژاردن کاندید دەکەم. با کارە تەواو کەین. دەزانم کە دەتوانین.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی کۆمارییەکانی بە هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی ئەم وڵاتە وەسف کرد و وێڕای ھێندێک گفت و بەڵێن دان وەک لە هەڵبژاردنەکاندا باوە، ڕەخنەی لەو توندڕەوانەش گرت کە پشتیوانی لە ماگا دەکەن کە کورت کراوەی دروشمی سیاسی ترەمپە، واتە «ئەمریکا دووبارە گەورە بکەنەوە».

ڕاگەیاندنی بایدن لەمەڕ خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکان لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپرسییەکان زۆربەی دەنگدەرانی ئەمریکی خوازیاری بازدان بە سەر ھەردووک سەرۆکی ئێستاو ڕابردووی وڵاتەکەیان واتە «جۆ بایدن»و «دۆناڵد ترەمپ»دان و نایانەوێت ئەو دووانە جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ڕکابەری بکەنەوە.

بەپێی دوایین ڕاپرسیی یاهوو نیوز/یۆگا، دەنگدەرانی ئەمریکی بە زۆری بێزارن لە دووبارەبوونەوەی ئەگەری ململانێی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئێستا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا.

سەرپەیڤ