ته‌مووز 05, 2023 14:15 Asia/Tehran
  • قورئانی پیرۆز کەلامێک لە دەستپێکەوە ھەتا کۆتایی

ئاشکرایە لەنێو کتێبە ئاسمانییەکاندا قورئانی پیرۆز تاکە سەرچاوەیەکی ڕەسەن و دەستکاری نەکراوە کە مرۆڤ لە قەتیس مان و بێ جوڵەیی بەرەو بزوتن و خۆڕاپسکاندن لە کۆت و بەندی بۆچوونە داڕزیوو ماوە بەسەر چووەکان پاڵ پێوە دەنێ.

ڕەنگە ھەتا ئێستا کەمتر ناوچەیەکی کوردنشین ھێڵی ئاسنی بەخۆیەوە بینی بێت و شەمەندەر بە تەنیشتی دا تێپەڕی بێت، ھەر بۆیە  کورد بەدەگمەن ئاگاداری دیاردەیەکی دزێو و جێی داخە لە بارەی ئەو وڵاتانەی کە بۆ یەکەمجار شەمەندەفەریان وەک کەرەستەیەکی گواستنەوە بەکار دەھێنا. بە حوکمی ئەوەی کە زۆربەی تەکنۆلۆژیا لە وڵاتانی تێروتەسەلی ڕۆژئاوا سەریان ھەڵداوە، دیارە بەکارھێنانی شەمەندەفەریش بۆ یەکەمجار ھەر لەو وڵاتانەدا بووەتە باو. ئینجا ھاوکات لەگەڵ ئەمە دیاردەیەکی نەگونجاوو دزێویش سەری ھەڵداو ئەویش ئەوە بوو کە زۆر جار منداڵە چوختی و ھاروھاجەکان ھەچکاتێک شەمەندەفەرێکی تیژەڕەو بە لای شارەکەیاندا تێ دەپەڕی خۆیانیان دەگەیاندە تەنیشتی ھێڵەئاسنینەکەو بەردیان تێ دەگرت. جا سەیر لەوەدایە ھەر ئەو منداڵانە کاریان بەسەر ئەو شەمەندەفەرانەوە نەبوو کە لە سوچێکدا دەوەستان و جوڵەیان لە خۆیان دەبڕی. واتە بەرد گرتن لە شەمەندەفەری بێ جوڵە باو نەبوو. بەڵکو بزوتن و جوڵانەوە بە ھەر جۆرێک بایە زیاتر جێگای سەرنج بوو، ئەمەش وەھا لێک دەدرایەوە کە ھەر دیاردەیەک کە مرۆڤی فێری جوڵەو بزوتن و بەرەوپێش ڕۆییشتن کردبا، لە ڕوانگەی منداڵە ھاروھاجەکانی دوێنێی ڕۆژئاوا دەبوو بەردی تێ گیرابایەو لە جوڵەیان خستبا.

ئەمڕۆکە چەندین سەدە بەسەر داھێنانی شەمەندەفەردا تێپەڕیوەو منداڵە جوختییەکانی ئەو چاخەی ڕۆژئاوا بوونەتە سیاسەتوانی سەردەمی تازەو لە باتی ھاروھاجی کردن لە تەنیشتی ھێڵەکانی ئاسن دا لە نێو کۆڕو کۆنگرەو پەرلەمانەکانیاندا لە سەر ھەمان بەزمی جارانیان بەردەوامن و بەرد لە ھەر ھێمایەک دەگرن کە مرۆڤ وەبیری جوڵەو پێشکەوتن و تەندروستیی ھزرو بۆچوون بخاتەوە.

ئاشکرایە لەنێو کتێبە ئاسمانییەکاندا قورئانی پیرۆز تاکە سەرچاوەیەکی ڕەسەن و دەستکاری نەکراوە کە مرۆڤ لە قەتیس مان و بێ جوڵەیی بەرەو بزوتن و خۆڕاپسکاندن لە کۆت و بەندی بۆچوونە داڕزیوو ماوە بەسەر چووەکان پاڵ پێوە دەنێ. دیارە ھۆکارێکی بەرد تێگرتن و بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم پەڕتوکە مرۆڤ بووژێنەرەش ھەمان ڕەھەندی ئینسانی و ئاست بەرزی و بەڕۆژ بوونیەتی. ڕوشاندنی ھەستی موسڵمانان بە دیاردەگەلی قیزەونی وەک سوکایەتی کردن بە قورئان و پێغەمبەری سەردار تەنیا سوچێکی ئامانجە نەگریسەکانی سیاسەتوانانی ڕۆژئاوایە. گومان لەوەدانییە کە ئامانجێکی دیکەی ئەو کارە دزێوانە ھەڵخڕاندنی موسڵمانان بە دووپات کردنەوەی ھەمان ھەڵە لە بارەی پیرۆزایەتیی ئایینەکانی دیکەی وەک یەھودو مەسیحیەت و ھەڵایساندنی شەڕی ئایینییە، خافڵ لەوەی کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام «ام الادیان»ـە و قورئانی پیرۆزیش تۆکمەکاری پەڕتوکە ئاسمانییەکانی دیکەیەو بە جاران لەم پەڕتوکە پیرۆزەدا باسی پێغەمبەرانی دیکەو کتێبە ئاسمانییەکانیان کراوە. مرۆڤی موسڵمان لەوە تێ دەگات کە سەرچاوەی ھەموو وەحیانەت و سروشێکی ئیلاھی یەکێکەو ئەوەی باوەڕی بە پێغەمبەری ئیسلام ھەبێت پێغەمبەرانی گەورەی دیکەش پشتڕاست دەکاتەوەو ڕێزیان لێ دەگرێ. جا بەم پێیە دەشێ بڵێین کە ئا لەم ڕوانگەیەوە پیلانی دوژمنانی ئیسلام کە دیارە دوژمنی تەواوی ئایینە ئاسمانیەکانی دیکەشن پوچەڵ بووەتەوەو ھەرگیز ئەو ڕۆژە بەدی ناکەن کە مرۆڤی موسڵمان عەقڵانییەت و ژیرمەندی پێشێل بکات و لە تۆڵەی سوکایەتی کردن بە پیرۆزایەتییەکانی ئیسلام خۆی لە قەرەی کردارێکی ناشەرعی و نائاوەزمەندانەی وەک سوکایەتی کردن بە ئایینە ئیبراھیمییەکانی دیکە بدات.

 

سەرپەیڤ