دواهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی پەلاماری تیرۆریستیی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر بەشی کۆنسولیی باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق
پەلاماری تیرۆریستیی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر بەشی کۆنسولیی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمەشق، دواهاتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بۆ کابینەی شەڕخوازی بنیامین نەتانیاهوو بەدواوە دەبێ.
فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنی دوێنێ دووشەممە پەلاماری بەشی کۆنسولیی باڵوێزخانەی ئێران لە شاری دیمەشقیان دا. ئەم کردەوە جەنایەتکارانە و تیرۆریستییەی ڕژێمی زایۆنی بووە هۆی شەهید بوونی سەرداران «محمدرضا زاهدی» و «محمدهادی حاج رحیمی» و پێنج راوێژکاری سەربازیی دیکەی ئێران لە سووریا. کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە و هەروەها ئەنجومونی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیان کردووە لە سەر مافی ڕەوای ئێران بۆ وەڵامدانەوەیەکی گورچکبڕانە و سزادانی ڕژێمی زایۆنی.
ڕژێمی زایۆنی خاوەنی پێشینەیەکی دوور و درێژە لە دڕندەکاری و ئاڵۆزی نانەوە و قەیران سازکردن لە ناوچەکەدا و سەرانی کۆشکی سپی و لایەنگرانی ڕۆژاوایی تێلاڤیڤیش بەردەوام دەورێکی گرینگیان گێڕاوە لە بەردەوام بوونی جەنایەتە دژەمرۆییەکانی زایۆنییەکاندا. دۆسییەی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە لەوان ژینۆساید و منداڵکوژی ڕەشتر و تاریکتر لە هەموو کات و ساتی دیکەیە و پەلاماردانی بەشی کۆنسوڵیی باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشقیش لە تەنیشت جەنایەتەکانی هەر ڕۆژەی تێلاڤیڤ، پێویستی بە باس و لێکدانەوەی لیبڕاوانەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
وڵاتانی ناوچەیش پاش ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ڕژێمی زایۆنی دەستیان دایە ئیدانە کردنی و تێلاڤیڤیان بە سەرچاوەی سەرەکی قەیران و ئاڵۆزی زانی. یەکێک لە ئامانجە هەمیشەییەکانی ڕژێمی زایۆنی ناکۆکی و کێشە و ئارێشە نانەوە لە ناوچەکەدا بووە کە لەبەر پێگەی بەرزی ئێران و بێزاریی بیر و ڕای گشتیی جیهانی ئیسلام لە زایۆنییەکان، کابینەی شەڕخوازی نەتانیاهوو نەگەیشتە ئامانجە دزێو کرێتەکانی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەر بەردەوامە لەسەر گێڕانی دەوری گرینگ و تەوەرەیی خۆی لە ڕووداوەکانی ناوچەکەدا. ستراتژیی ژیرانە و ئاوەزمەندانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاراستنی ئاسایش و هێوری لە ناوچەکەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش وەڵامدانەوەی گورچکبڕ و شیاو بە هۆکارانی سەرەکیی شەڕ و نائەمنی و پشتیوانانی گرووپە تیرۆریستییەکانیشە. ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لەدووی قەیران نانەوە بۆ وڵاتانی ناوچەکەن بەڵام بە وریایی و وشیاریی بەرەی خۆڕاگری ئەم پیلانەیش هەر پووچەڵ دەبێتەوە.