تشرینی دووه‌م 10, 2025 14:10 Asia/Tehran
  • ژماردنی پێچەوانە بۆ شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق لە سەردەمی پاش سەددام

قۆناخی دووەم و سەرتاسەریی شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق سبەی یازدەی نۆڤمبەر بەڕێوەدەچێ و تێیدا هاووڵاتیان، ٣٢٩ پەرلەمانتار هەڵدەبژێرن.

شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق سبەی بەڕێوە دەچێ و هاووڵاتیان٣٢٩پەرلەمانتاری تازە هەڵدەبژێرن. ئەو پەرلەمانەی جگە لە ئەرکە سەرەکییەکەی واتە یاسادانەریی، بەرپرسایەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەنگی متمانە بە کابینەی تازەشی لەئەستۆیە. رۆژی ڕابردوو لەشکرییان و هێزە ئەمنییەکان و ستافی پزیشکی و دەرمان و زیندانیان وئاوارەکان لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەشداربوون و کۆمیساریای باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ڕێژەی هاوبەشیی لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتەی ٨٢.٤٨ڕاگەیاند. ژماری گشتیی بەربژێرانی ئەو خولەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق، حەوت هەزار و ٧٥٤ کەسە، کە لەو هەژمارە، پێنج هەزار و ٥٠٤ کەسیان پیاو و دوو هەزار و ٢٥٠ کەسیشیان ژنن. ژماری بەربژێرانی پارت و لایەنەکان، سێ هەزار و ٢٣٠ کەس، بەربژێرانی هاوپەیمانییەکان، چوارهەزار و ٤٤٩ کەس و ئەو بەربژێرانەی بەشێوەی سەربەخۆ بەشدارییان کردووە، ٧٥ کەس بریتی لە؛ ١٣ ژن و ٦٢ پیاوە. کۆمیساریای باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژماری کەسانی خاوەن مەرجی دەنگدانی پتر لە ٣٠ملوێن کەس ڕاگەیاندووە بەڵام لەو ژمارە، حەوت ملوێن کەس کارتی بایۆمەترییان نیەو ناتوانن بەشداری هەڵبژاردن بکەن. لەو خولەی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەتا ٤٠ی بەربژێران تەمەنیان ژێر٤٠ ساڵانەو ئەوەش پێشاندەری هەوڵی جیلی تازەیە بۆ بەرەوڕووی چالێنج کردنی کەشی سیاسیی نەریتیی عێراق. پێ دەچێ ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی عێراق چەند ڕۆژ پاش هەڵبژاردن دیاری بکرێ، بەڵام وتووێژەکان سەبارەت بە پێکهاتنی حکومەتی تازەی ئەو وڵاتە هەروا چەند مانگێک دەخایەنێ. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، یەکەم ئەرکی پەرلەمانی تازە دەبێ لە ماوەی ٣٠ رۆژ پاش دەسبەکارکرانی و سەرۆک کۆمار، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی ڕادەسپێرێ هەتا لەماوەی ١٥ رۆژدا کابینە پێک بێنێ. "عائید هیلالی" ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای ئاماژە بە هاوبەشیی کەم وێنەی عێراقییەکان لە دەنگدانی تایبەتی ئەو وڵاتە، پێش بینی ئەوەی کرد کە خەڵک ئامادەبوونێکی بەرفراوانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سبەی دا هەبێ.

سەرپەیڤ