گرینگیی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی بریکس لە پشتگریی لە ئێران و ئیدانەی رژیمی زایۆنی لەچی دایە؟
گرووپی بریکس لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی لە برێزیل، پەلامار و دەسدرێژکاریی رژیمی زایۆنی و ئەمریکا بۆسەر ئێرانی شەرمەزار کرد.
لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرانی"گرووپی بریکس"دا هاتووە: پەلامارە سەربازییەکەی١٣ی ژۆئەنی٢٠٢٥(٢٣ی جۆزەردانی١٤٠٤)ی رژیمی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشێلکەری یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکانە، ئیدانە دەکەین.
گرووپی بریکس، پێشتریس لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایگەیاندبوو: نیگەرانی جیددیی خۆمان دەردەبڕین لەمەڕ هەرچەشنە هێرشکرانەسەر دامەزراوە ناڤۆکییە ئاشتیانەکان کە پێچەوانەی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی ئەنجام دەگرێ.
لەو بەیاننامەدا هاتووە؛ پێویستە هەردەم ئاسایش، هێمنی و سیستەمی چاودێریی وکۆنترۆڵی ناڤۆکی بۆ نمونە لە کێشەو گرژییە چەکدارییەکاندا پارێزراو بێ و خەڵک و ژینگە لەهەمبەر خەسار و زیانەکاندا لەئەماندا بن.
سەید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە حەڤدەیەمین کۆبوونەوەی سەرانی بریکس کە لە "ریۆدۆژانیرۆ"ی برێزیل بەڕێوە چوو، وێڕای ئاماژە بە پێویستیی ڕاوەستان و خۆڕاگریی کۆمەڵگای جیهانی لەهەمبەر دڕندەکارییەکانی رژیمی زایۆنی، جارێکی دیکە بیری خستەوە، بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران هەردەم ئاشتیانەو لەژێرچاودێریی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا بووە.
عێراقچی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی سەرانی گرووپی بریکس و لە دیدار لەگەڵ "سێرگئی لاڤرۆف"ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش وێڕای ئاماژە بە شوێنهاتەکانی دەسدرێژکاریی سەربازیی رژیمی زایۆنی و ئەمریکا، جەختی کرد لەسەر ئیرادەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بەرەڤانیی هێزمەندانە لە وڵات و بەرپرسیارکرانی دەسدرێژکاران.
بەیاننامەی کۆتایی سەرانی بەریکس لە برێزیل کە تێیدا پەلامارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران ئیدانەکرا، لە چەند لایەنەوە گرینگە. بەیاننامەی کۆتایی بریکس بەئاشکرا دەسدرێژکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێرانی شەرمەزار کردو ئەوی بە پێشێلکەری مافە نێودەوڵەتییەکان وجاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زانی.
ئەو ئیدانەکردنە، بۆ ئێران، سەرکەوتنێکی دیپلۆماتیک بەئەژمار دێ، چونکە پێشاندەری ئەوەیە کە تاران توانیویەتی لە پتانسێل و توانای گرووپی وڵاتانی سەربەخۆ لەوان بریکس بۆ ڕاکێشانی پاڵپشتیی نێونەتەوەیی کەڵک وەرگرێ، بەتایبەت لەبارودۆخێکدا کە کەوتووەتەبەر گەمارۆی قورسی ئەمریکا.
بەیاننامەی سەرانی بریکس، نەک هەر هێرشی سەر دامەزراوەگەلی ئاشتیانەی ناڤۆکی ئێرانی شەرمەزار کرد، بەڵکوو جەخت دەکاتەوە لە گرینگیی جێبەجێکرانی بەتەواوەتی بەرنامەی تۆکمەی ناڤۆکی(بەرجام) و بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەو هەڵوێست گرتنە هاوتەریب لەگەڵ داواکارییەکانی ئێرانەو هەوڵ وهەنگاوەکانی ئەمریکاو دەوڵەتە رۆژاواییەکان بۆ بەرتەسک کردنەوەی بەرنامەی ناڤۆکی ئیران، پووچەڵ دەکاتەوە. گرووپی بریکس پێکهاتوو لە؛ برێزیل، ڕووسیا، هیند، چین وئەفریقای باشور و ئێران کە یەکێ لە گرینگترین گرووپە ئابوری و سیاسییەکانە لە ئاستی جیهاندا و دەوری سەرەکی دەبینێ لە گۆڕانی هاوسەنگیی دەسەڵاتی جیهانی و بەهێزکرانی هاوکارییەکانی باشور-باشور و هەوڵیەتی لەهەمبەر نەزمی جیهانیی ژێر زاڵێتی رۆژاوا، هاوسەنگیی دروست بکا.