پەنجاودووەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی
پەنجاودووەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی ئەمڕۆ لە بەغدا دەست پێ بوو ە وتا سبەی یەکشەممە درێژەی دەبێت و پرسی فەلەستینیش لە سەرووی هەموو بابەتە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە دەبێت.
پەنجاودووەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی ئەمڕۆ لە بەغدا کاری خۆی دەست پێ کرد، لە تەنیشت مەسەلەی فەلەستین کە پرسی یەکەمە، ڕووداو و گرژییە ناوچەییەکان و پرس و بابەتی سیاسی، ئابووری و زانستی لە بابەتە سەرەکییەکانی بەر باس دەبێت. لەم کۆبوونەوەیەدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دراوە بە وڵاتی عێراق. سەرۆکایەتی پێشووی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ئەستۆی تورکیادا بوو. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوەیە سەردانی بەغدای کردووە و کە گەیشتە شوێنی مۆنۆمێنتی فەرماندەرانی شەهیدی خۆڕاگری ، ڕێزی گرت لە پێگەی بەرزی ئەم شەهیدانە. عەباس عەراقچی لەم کۆبوونەوانەدا پێی داگرت لەسەر پێویستیی هاریکاریی وڵاتانی ناوچە بۆ دابینکردنی ئاسایشێکی هاوبەش عەراقچی وتی: هیچ وڵاتێک ناتوانێت ئاسایشی خۆی بە ئاڵۆزکردنی وڵاتانی دیکە دابین بکات و کێشەکانی ناوچەکە دەبێت بە دەستی خودی وڵاتانی ناوچە و بەبێ خۆوەردانی زلهێزانی دەرەوەی ناوچەکە چارەسەر بکرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە دەستدرێژیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دژی ئێران، ئاڵۆزی لە گەرووی هورموزی بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو کردەوە نایاساییانە زانی و جەختی کرد کە تاران ئێستاش هەر پابەندە بە دیپلۆماسی و ئاشتی. عەراقچی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئێران ئامادەی هاریکاری لەگەڵ هەموو دراوسێکانیەتی بۆ دامەزراندنی ئاسایشێکی هاوبەش، لەبەر ئەوەی کە ڕێگای بەردەم وڵاتانی ناوچەکە ڕوون و ئاشکرایە؛ یا پێکەوە ئاسایش دادەمەزرێنین یا پێکەوە ئاڵۆزی تەحەمول دەکەین. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەم کۆبوونەوانەدا وتى سیاسەتەکانی رژێمی زایۆنی زیاتر لە ڕابردوو پاوانخوازانەیە ، بە ئاشکرا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و کێشە و گرفتی گەورەشی لە ناوچەکە دروست کردووە. وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها پێداگری کرد کە داگیرکردنی خاکی فەلەستین ئێستاش هەر بەردەوامە و دەبێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵەکانی خۆمان یەکخەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کردەوە نایاساییانە و کۆتایی بهێنین بە ئێش و ئازار و کێشە و گرفتەکانی گەلی فەلەستین. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش لەم کۆبوونەوانەدا پێیداگرت لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە داگیرکرانی خاکی فەلەستین لە لایەن رژێمی زایۆنییەوە. فوئاد حسێن جەختیشی کرد؛ عێراق سوور و پێداگرە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی سەبارەت بە بەرگری لە مافی نیشتمانی و مێژوویی و یاسایی خەڵکی فەلەستین و پێویستیی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری، دژایەتیکردنی شارۆچکەسازی و بەتاڵانبرانی خاکی فەلەستین. ناوبراو وتیشی: عێراق بەردەوامبوونی بنپێکرانی ئاشکرای مافەکانی خەڵکی فەلەستین لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو و کوشت وکوشتار و کاولکارییەکان لەم ماوەیەدا شەرمەزار دەکات. شایانی باسە پەنجا و دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی ئەمڕۆ لە بەغدا دەست پێ بووە و تا سبەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.