حەماس: پەلامار بۆسەر سوریا، دەستدرێژکاری ئاشکرا بە دژی ئوممەتی ئیسلامییە
بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامیی فەلەستین حەماس، لە بەیاننامەیەک دا پەلاماری ئەمریکا و هاوپەیمانیانی بۆسەر سوریای بە دەستدرێژکاری ئاشکرا بە دژی ئوممەتی ئیسلامی و عەرەبی زانی .
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی زانیاری گەیاندنی فەلەستین، سامی ئەبووزوهری وتەبێژی بزووتنەوەی موقاومەی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئیدانەکردنی پەلاماری ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆسەر خاکی سوریا پێداگری کرد : ئامانج لەم دەستدرێژکارییە لاوازکردنی دەسەڵات لە سوریا، بەمەبەستی پاراستنی ڕژێمی دەستدرێژکاری زایۆنیستی و بەرەوپێش بردنی گەڵاڵە وەیشتوومەکانی ئەم ڕژێمەیە.
وتەبێژی حەماس وتیشی: ئێمە لەسەر پێویستی کۆتایی دان بە ناکۆکی و کێشەی نێوان وڵاتانی عەرەبی ، یەکێتی ئەوان، وەلانانی هەرچەشنە تێکهەڵچوون و شەڕێک، بەهێزکردنی تواناییەکان و ڕێزگرتن لە خواست و ورەی یەکتر وەک هۆکاری بنەڕەتیی بەرەنگار بوونەوەی هەرچەشنە پەلامار و دەستدرێژکارییەکی ئەگەری، پێداگری دەکەین.
ئەمریکا بە بەشداریی فەرەنسا و بەریتانیا بەیانی ئەمڕۆ شەممە بە بیانووی پەلاماری شیمیایی لە ناوچەی دووما لە دەوبوورەی دیمەشق و تۆمەتبار کردنی دەوڵەتی سوریا لەم پەلامارە ئیدیعا کراوەیە، بێ مۆڵەتی ئەنجومەنی ئاسیاشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، پەلاماری سەربازی کردەسەر ئەم وڵاتە.