تۆقانی زایۆنییەکان لە چوونەدەری هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا
ئەنجامی راپرسییەک نیشانی دا زۆربەی دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی زایۆنی (فەلەستینی داگیرکراو) ، چوونەدەری هێزە ئەمریکاییەکان لە سووریا بە زیانی ڕژێمی زایۆنی دەزانن.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ بە پێی ڕاپرسییەک کە ڕێکخراوی توێژینەوەی میدگام لە دانیشتووانی فەلەستینی داگیرکراو ئەنجامی داوە، ٦٢%یان بڕوایان وایە کە چوونەدەری هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا بە زیانی ڕژێمی زایۆنی دەبێ.
٨٤%ی وەڵامدەرانی ئەو راپرسییەیش وتوویانە کە چوونەدەری هێزە ئەمریکاییەکان لە سوریا بە سوودی ئێران دەبێ.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دێسەمبەری ٢٠١٨ بەو بیانوویە کە ئیتر داعش لە سووریا شکستی هێناوە رایگەیاند کە دوو هەزار هێزی سەربازیی ئەمریکا لە خاکی سووریا دەباتە دەرەوە.
ئەمریکا لە ماوەی حەوت ساڵ بوونی نایاسایی خۆی لە سووریا و داکۆکیی لە تیرۆریستانی نێو ئەو وڵاتە، نەیتوانی بگاتە ئامانجی سەرەکیی خۆی واتە ڕووخاندنی دەوڵەتی یاسایی دیمەشق و بەهێز کردنی پلە و پێگەی ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.
کارناسان بڕوایان وایە کە ڕژێمی زایۆنی دۆڕاوی سەرەکیی چوونەدەری هێزی ئەمریکایی لە سووریایە؛ لەبەر ئەوەی کە تێلاڤیڤ بە نەبوونی هێزی ئەمریکایی لە سووریا ، زیاتر لە ڕابردوو بەرامبەر بە بەرەی خۆڕاگری لاواز و لەرزۆک دەبێ.