دوای راپۆرتێکی ئەمریکی، پاشمیری سعودیە خۆی لە کەسە نزیکەکانیشی بەدوورگرتوە
رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسی توشبونی بەو پەتایە، محەمەد بن سەلمان پاشمیری سعودیە خۆی لە دیدار لەگەڵ وەزیر و یاریدەدەرەکانیشی بەدوورگرتوە و دابەزینی بەهای نەوتیش کاریگەری کردوەتە سەر پلانەکانی ناوبراو لە وڵاتەکەیدا.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە پاشمیری سعودیەوە بڵاویکردوەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا محەمەد بن سەلمان خۆی لە کۆبوونەوەی یاریدەدەرانی بەدورگرتوە کە تایبەت بوە بە کاریگەرییە ئابورییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پێشنیازی کەمکردنەوەی خەرجی وەزارەتەکان بە رێژەی 30%.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 33 کەس لە سعودیە توشی کۆرۆنا بون، کە بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بەشێک لە توشبوانی ئەو وڵاتە بریتین لەو شازادە و ئەمیرانەی کە لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەردنی سعودیەوە نزیکن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، دابەزینی بەهای نەوت بەهۆی ناکۆکی نێوان ریاز و موسکۆ و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پاشمیری سعودیەی توشی ڕووگیری (ئیحراج بون) کردوە، چونکە موحەممەد بن سەلمان بۆ بەردەوامیدان بە پلانەکانی و هەژمونی خۆی لەناو وڵاتەکەیدا پێویستی بە پارە هەیە.