ژمارەیەک لە وڵاتانی ئیسلامی پشتیان کردووەتە پرسی فەڵەستین
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی گرنگی لە زیندووهێشتنەوەی پرسی فەڵەستین وەک پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلام هەبووە.
فازڵ حەیدەر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و لە کەسایەتییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە وتوویژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی جەختیکردەوە کە بە پێی گرنگی ستراتیژیی ڕۆژی جیهانی قودس پێویستە وڵاتانی ئیسلامی پێداچوونەوە بە کارنامەی خۆیان لە سەر ئەم پرسە گرنگە بکەن و بە چارەسەرکردنی خاڵە لاواز و کەموکوڕییەکان، مسۆگەربوونی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئیسلامی وەک ئامانجێکی ناونانی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە لایەن ئیمام خومەینی (رە)، بەردەوامی دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی و پاڵپشتی لە ئامانجە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین وەک پلان و بەرنامەی سەرەکی خۆیان بهێڵنەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ژمارەیەک لە وڵاتانی ئیسلامی لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان پشتیان کردووەتە پرسی فەڵەستین بەڵام ڕۆژی جیهانی قودس ڕێگری لەوە دەکات پرسی فەڵەستین لەبیر بکرێت و بەردەوام ئەم پرسە وەک پرسی یەکەم و سەرەکی جیهانی ئیسلام لای ویژدانی مرۆڤە ئازادەکان دەمێنێتەوە.
ئەندامی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕەخنەی لە وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات و میسر گرت و وتی: بەداخەوە کە ئەم وڵاتانە بە هۆی شوێنکەوتوویی ئەمریکاوە پرسی فەڵەستینیان لەبیر کردووە.
فازڵ حەیدەر وتی: سعوودیە و ئیمارات نەک تەنیا پرسی فەڵەستین، بەڵکوو گرنگی بە پرسەکانی دیکەی جیهانی ئیسلام نادەن، سەرکردەکانی ئەم وڵاتانە بوونەتە دوژمنی بەرژەوەندییەکانی جیهانی ئیسلام، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بە سەریاندا زاڵە و هەوڵ دەدەن لە ڕێگای خزمەت گەیاندن بە دوژمنانی ئیسلام بە تایبەت ئەمریکا درێژە بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی خۆیان بدەن.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئیسلامیی بە نهێنی سەرکەوتنی موسڵمانان لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی ناو برد و جەختیکردەوە کە دوژمنان لەم ناکۆکییە ناوخۆییەی نێوان وڵاتانی ئیسلامی لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن و پێویستە یەکڕیزی ئیسلامی بخرێتە بەرنامەی کار و چالاکییەکانی وڵاتانی ئیسلامییەوە.
وتیشی: بەسراوەیی ئابوریی وڵاتانی ئیسلامی بە زلهێزەکانی جیهانەوە و هەروەها نەبوونی بڕوا بە توانا و پتانسێلە ناوخۆییەکان وایکردووە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئیسلامی ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیدی ببێتەوە.
فازڵ حەیدەر وتی: وڵاتانێک وەک سعوودیە کە پاڵپشتی خەڵکەکەی خۆیان نییە، بە ناچار گرێدراویی بە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەیان هەڵبژاردووە تا درێژە بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی خۆیان بدەن.
ئەم ئەندامەی باڵایەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ئاماژە بە پیلانگێری سەودای سەدە لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە وتی: ئەمریکا لە هەنگاوی یەکەم و لە ناساندنی قودس وەک پایتەختی ڕژێمی زایۆنیستی شکستی هێنا و تەنیا چەند وڵاتێکی بێ کاریگەری جیهان پێشوازییان لەو بڕیارەی واشنتن کرد، سەبارەت بە سەودای سەدەش بە پێی ئەو دژایەتییەی کە تەنانەت لە ناوخۆی ئەمریکاش کرا، شکستی ئەم پیلانگێرییە بۆ دوناڵد ترەمپیش سەلمێندراوە.