ئه‌یلوول 11, 2020 23:36 Asia/Tehran
  • لە درێژەی خەیانەتی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بە ئارمانجەکانی گەلی فەلەستین، ئەمجارەیان بەحرەین پێملی پەلکێش کردنەکانی ترەمپ دەبێت

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی ھەینی ڕایگەیاند: بەحرەین بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەزامەند بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ڕۆیتێرزەوە، ترەمپ بە بانگەشەی ئەمەی کە ھەوڵەکانی لە ئاراستەی کەم کردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناڤینە، وتیشی: بەحرەین بە ڕێککەوتننامەی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لەمەڕ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەست بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆشکی سپی، ترەمپ ھەواڵی ڕەزامەند بوونی بەحرەین بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ «حەمەد بن عیسا ئالی خەلیفە» پاشای بەحرەین و بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی لە پەیامێکی توییتێری دا بڵاو کردەوە.

بە پێی بەیاننامەی ھاوبەشی سەرۆکانی ئەمریکاو بەحرەین و ڕژێمی زایونی، ئەوانە لەبارەی «پێکھاتنی پەیوەندییەکی تۆکمەوتەواو لە نێوان ئیسرائیل و  ڕژێمی پاشایەتیی بەحرەین ڕێککەوتوون.

بە گوێرەی بەیاننامە ھاوبەشە بڵاوکراوەکە، بەحرەین بانگێشتنی ترەمپ بۆ ئامادە بوون لە ئاھەنگی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکانی قەبووڵ کردووە.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە:«ناتانیاھۆ»و «عەبدوللـەتیف زیانی» وەزیری دەرەوەی بەحرەین«بەیاننامەی مێژوویی ئاشتی» لەم ئاھەنگەدا واژۆ دەکەن.

تاقمە فەلەستینییەکان سیاسەتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایونی بە خەیانەتی دژی  ئارمانجەکانی گەلی فەلەستین و پەسەند کردنی دڕندەکارییەکانی ڕژێمی ئاپارتایدی زایونیزم دەزانن و بەتوندی شەرمەزاری دەکەن.

سەرپەیڤ