تشرینی دووه‌م 12, 2023 10:00 Asia/Tehran

سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی نائاسایی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیدا لە ڕیاز بە ئاماژە بە کوشتاری خەڵکی مەزڵوومی غەززە لە پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنیدا وتی: ئەمڕۆ مەسەلەی غەززە لە راستیدا راوەستاوی بەرەی شەرافەت بەرامبەر بە بەرەی شەرارەتە، ئەمڕۆ هەموان دەبێ ئەوە یەکلا بکەنەوە کە لە کامە بەرەدان.

سەرۆک کۆماری ئێران لە وتاردانیدا لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ڕیاز وتی: دەکارهێنانی بۆمبی فۆسفۆڕی نیوەی غەززەی کاول کردووە و زیاتر لە یازدە هەزار کەسیشی قەڵاچۆ کردووە. ناوبراو وتیشی: بێ گومان حکومەتی ئەمریکا پلاندانەر و هاندەر و شەریکی سەرەکیی ئەم جەنایەتەیە، ئیسراییل منداڵی ناشەرعیی ئەمریکایە، بانگەشەی مافی بەرگری لە خۆ یەکێک لە تەنزە تاڵەکانی مێژوویە، هاوکات کۆپاپۆڕی جەنگیی ئەمریکا بەڕێکرا بۆ ناوچەکە و ئەمریکا پێی نایە ئەم شەڕە بە قازانجی ئیسراییل. ئەمڕۆکە پەردەی ڕیاکاری و دووڕوویی هەڵدراونەتەوە و ئیسراییل بە ڕق و بێزاریی خەڵکی جیهان گەمارۆدراوە. سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەدا وتی: ئەمڕۆکە ئێمە دەبێ مەیدان بگرینە دەست و بڕیارێکی لێبڕشتانە و کاریگەر بدەین. دەبێ هەموو تواناکان بێنینە مەیدانەوە بۆ وەستاندنی خێرای ماشینی کوشتاری ڕژێمی زایۆنی، ئەگەر خۆڕاگریی خەڵکی غەززە و کەرتی ڕۆژاوا و خۆڕاگریی لوبنان نەبوایە ئەمڕۆ زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی گیرۆدەی وەها شەڕێک لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە بوون. سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئەو جەنایەتانەی کە ئەمڕۆکە لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە لە غەززە دەکرێن، نموونەی زەق و بەرچاوی جەنایەتی جەنگی و جەنایەتی دژ بە مرۆڤایەتییە، ڕاشکاوانە وتی: ئەمریکاییەکان لە قسە و پەیامەکانیاندا بانگەشە دەکەن کە لە دووی پەرەپێدانی ئاگری شەڕ نین، لە کاتێکدا کە ئەم بانگەشەیان بە هیچ لەونێ لەگەڵ کردەوە و ئاکاریان نایەتەوە ، لەبەر ئەوەی کە سووتەمەنی ماشینی جەنگیی زایۆنییەکان لە لایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێ.

«محمد بن سلمان» شامیری سەعوودیایش لە وتارەکەیدا لە دەسپێکی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی پێی داگرت لە سەر نەیارەتیی وڵاتەکەی لەگەڵ شەڕی هەمەلایەنەی سوپای ڕژێمی زایۆنی دژ بە دانیشتووانی غەززە. بن سەلمان هەروەها ئاماژەی دایە شکست هێنانی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگای جیهانی لە کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و وتیشی: ئێمە کۆچی بەزۆرەملیی دانیشتووانی غەززەمان قەبووڵ نییە و خوازیاری هەڵگیرانی خێرای گەمارۆ لە سەر ئەم ناوچەین. بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس)یش هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕیاز، لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری دەکارهێنرانی هەموو توانا و دەسەڵاتی عەرەبی و ئیسلامی بۆ کۆتایی هێنان بە دەسدرێژکارییەکانی سەر غەززە بوو. بزووتنەوەی حەماس لەم بەیاننامایەدا داوای لە سەرانی کۆمکاری عەرەب و ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە ڕیاز کرد کە هەموو تاوان و دەسەڵاتی عەرەبی و ئیسلامییان بەکاربێنن بۆ کۆتایی هاتنی بۆردومانکرانی غەززە بە وەبن گوشار نانی حکومەتی ئەمریکا.

حەماس لەم بەیاننامەیەدا هەروەها خوازیاری پێکهاتنی لیژنەی پزشکی، مرۆیی و پەرلەمانی بوو بۆ گەیاندنی یارمەتی و سووتەمەنی بە غەززە و وەبن گوشار نانی ڕژێمی زایۆنی. 

سەرپەیڤ