وەزیری دادی تورکیا: یاساکانی لێبوردنی گشتی تەنیا ئەندامانی پەکەکە دەگرێتەوە
وەزیری دادی تورکیا، رایگەیاند؛ دەوڵەت هیچ پلانێکی بۆ لێبوردنی گشتی نیەو ئەو پاکێجە یاساییەی وا خەریکە ئامادە دەکرێ، تەنیا ئەندامانی پەکەکە لەخۆ دەگرێ.
ئاکن گورلەک وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند؛ ڕەشنووسی یاسایەک ئامادەکراوە کە ١٥ ماددە لەخۆ دەگرێ و پێ دەچێ حەفتەی داهاتوو بخرێتەنێو بەرنامەی کاری کۆمیسیۆنی دادەوانیی پەرلەمانی تورکیاو پاشان، بۆ تاووتوێکران دەنێردرێتە پەرلەمان.
وەزیری دادی تورکیا هەروەها وتی: تا ئەوجێیەی ئاگام لێیە، دەقێکی پانزە ماددەیی ئامادەکراوە. وەزارەتی داد تەنیا دەتوانێ لە قۆناخی ئامادەکران و نووسرانی یاساکان و بێتوو داوا بکا، پێشنیازە تەکنیکییەکان بخاتەڕوو، بەڵام ئەو کارە دەبێ هەرچی زووتر تۆکمە بکرێ.
گورلەک لە وەڵامی پرسەکانی هاوپێوەند بە "لێبوردنی گشتی" وتی: ئێستا هیچ یاسا یان پلانێک لەبارەی لێبوردنی گشتی لەئارادا نیە. هەڵبەت دەزانن کە هەرکات یاسایەک لە پەرلەمان ئامادە بکرێ، ئەو بابەتە دەتوانێ بخرێتەنێو بەرنامەی کارەوە، بەڵام پاکێجی ئێستا تەنیا تایبەتە بە ئەندامانی پەکەکە.