هێرشی مووشەکی یەمەن بۆ سەر پێتەختی سعودیا
سەرچاوە هەواڵییەکان باسی هێرشی مووشەکی و درۆنی یەمەن بۆ سەر ئامانجگەلێک لە ریازی پێتەختی عەرەبستان دەکەن. هێزە چەکدارەکانی یەمەن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مەلیک خالید لە ریازیان کردە ئامانج. دوابەدوای ئەو هێرشە دووکەڵێکی خەست لە نزیک فڕۆکەخانەی ریاز هەستایەوە.
پاش ڕاگەیاندنی مەترسی ئاسمانی لە لایەن ڕێکخراوی بەرگری شارستانی عەرەبستانەوە، دانیشتووانی ناوچەکە وتوویانە کە بڵێسەی ئاگر و هەروەها دووکەڵی خەستیان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مەلیک خالید بینیوە. هاوکات ئاژیر ئاگاداركردنەوە لە ریاز و شاری ئەلخەرەج زرینگاوەتەوە و گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی مەلیک خالید راگیراون یان ناچار بە گۆڕینی ئاراستەیان بوون. لیژنەی فریاگوزاری شارستانیی عەرەبستانی سعودی دۆخی نائاسایی ڕاگەیاندووە. ژمارەیەک لە سەرچاوە عەرەبییەکانیش باسی هێرشکرانە سەر ئامانجگەلی سەربازی و دامودەزگە گرینگەکانی عەرەبستانیان کردووە، لەوانە بنکەی ئاسمانی مەلیک خالید لە خەمیس موشەیت و دامودەزگەی نەوتی ئارامکۆ لە ریاز. هەروەها سەرچاوە خۆجەییەکانیش ڕایانگەیاندووە کە سیستەمەکانی بەرگری لە چەند شارێک، لەوانە جەددە، تائیف، جەیزان، ئەبها و خەمیس موشەیت چالاک بوون. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، ڕۆژی ڕابردوو وتی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیا لە یەک هەفتەی ڕابردوودا ٣٠٠ جار پارێزگا جۆراوجۆرەکانی یەمەنیان داوەتە بەر پەلامار. ناوبراو وتیشی سعودیا لە یەک هەفتەی ڕابردوودا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٥ و تایفۆن کە لە دوو بنکەی تائیف و خەمیس موشەیتەوە هەڵساونەتەوە، ٣٠٠ جار پارێزگاکانی تەعز ، حەججە، عمران، مەئاریب، جەوف، بەیزا، جەوف، لەحەج و سەعدەیان کردووەتە ئامانج.