ته‌مووز 01, 2020 14:25 Asia/Tehran
  • زەریف: بژاردەکانی ئێران لە بەرامبەر درێژکرانەوەی بایکۆتی چەکەمەنی لێبڕاوانە دەبێت

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بەرتەسکیی تازە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشت لە بارەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنە بنەماییانەیە کە بە گەلی ئێران دراوە، وتیشی:بژاردەکانی ئێران لە بەرامبەر درێژکرانەوەی بایکۆتی چەکەمەنی لێبڕاوانە دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی ئێران، «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کە بۆ تاوتوێ کرانی ڕاپۆرتی دەورەیی سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە سەبارەت بە ڕاپەڕێندرانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی پەیوەست بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران بەرپا کرا بوو، وتی: ئەنو چوارچێوەی زەمەنیەی ھەڵگیرانی بەرتەسکیی چەکەمەنی کە لە بڕیارنامەی ٢٢٣١دا لەبەرچاو گیراوە، بەشێکی دانەبڕاوەی ئەو لێکگەییشتنەیە کە بە سەخڵەت مسۆگەر کراوەو ھەلی ئەوەی بۆ لایەنەکانی بەرجام ڕەخساند ھەتا لە ئەنجام دا لە بارەی ھەگبەی گشتیی بەرجام و بڕیارنامەی ٢٢٣١ ڕێککەون.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان

«موحەممەد جەواد زەریف» بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەگەر بێتو جارێکی تر ئەنجومەنەکە خەمساردی بنوێنێ دیارە ئەوە بە واتای پاشگەزبوونەوە لە چەند لایەنەخوازی و سەروەریی یاسا دەبێت، وتیشی: تەنانەت یەک کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەش بۆ سەرکۆنەکردنی دەوڵەتی ئەمریکاو یان لانیکەم تاوتوێ کرانی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی پێک نەھاتووە، کەچی لە بەرامبەردا ھێندێک لە ئەندامانی ئەورووپیی ئەنجومەنەکە بیر لە تێکدانی زیاتری بڕیارنامەکە و ئەنجومەنەکە دەکەنەوە لە کاتێکدا کە پابەندی بەڵێنەکانیان لە بارەی ڕێککەوتنی بەرجامەوە نین.

زەریف جەختی لەوەش کردەوە کە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ھێندێک ھەڵس و کەوتی گوشاری خستەسەر سکرتارییەتی  ئەنجومەنەکە ھەتا خوێندنەوەیەکی چەواشەکارانە بۆ بڕیارنامەی٢٢٣١ بکەن و سکرتاریەتەکەی ناچارکرد خۆی بەبانگەشەیەکی ساختەوبەڵگەی ناڕاست و درۆینە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تەواو ناپیشەیی تێوە گلێنێ.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ڕاپۆرتی سکرتاریەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مەڕ بڕیارنامەی ٢٢٣١ وتی: ئێزران بە کرداری نیازپاکانە، وازی لە کردەوەی قەرەبوو کەرانە ھێناوە کە بەشکو لایەنە ھەنوکە ئەندامەکانی بەرجام بتوانن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بۆ ماوەی ساڵێکی ڕەبەق، ڕاپەڕاندنی تۆکمەوتەواوی بەرجاممان بەردەوام کرد،وتیشی: ھەنگاوەکانی قەرەبووکارانەی تاران ھەتا ئەم ساتە ھیچ کاریگەرییەکی لە سەر چاودێری و تاقیکردنەوەی ڕاستییەکان لە لایەن ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکییەوە لەمەڕ بەرنامەی ئاشتیانەی ناڤۆکیی ئێرانەوە نەبووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرنامەی ئاشتیانەی ناڤۆکیی ئێران لەژێر قورس ترین میکانیزمی پشکنین دایە بە درێژایی مێژوو.

کۆبوونەوەی ئۆنلاینی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان

زەریف تیشکی خستە سەر داھێنانی «ئاشتیی ھۆرمۆز»یش و وتی: ئێران خوازیاری ھەڵس و کەوت و پەیوەندیی باشە لەگەڵ تەواوی دراوسێکانی دا، بۆ ئەوەی ناوچەیەکی ھێزمەند پێک بێت کە ڕێگر بێت لە بەردەم سەرھەڵدانی پاوانخوازیی ھەژمونیک لە لایەن ھەر دەستەڵاتێکی ناوچەیی و جیھانیەوە کە بێت. بەم مەبەستەش «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی دەستپێشخەریی ئاشتیی ھۆرمۆز ناسراو بە «ئومێد»ی ھێناوەتە ئاراوە.

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دابین کردنی ئاسایشت و بەختیاریی خۆی ،بە کەسەوە  نەبەسراوەتەوە ، وتیشی: ھەوڵی چل ساڵانی ئەمریکا بۆ بەچۆکدا ھێنانی گەلی ئێران شکستی ھێناوە.

جێگای ئاماژەیە ، ئەمریکا سەرباری ئەوەی کە دوو ساڵ لەمەوپێش بەشێوەی فەرمی و بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشت لە بەرجام کشایەوە، کەچی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە گوێرەی بڕگەکانی ئەم بڕیارنامەیە ھەروا بەشدارێکی ڕێککەوتنی بەرجامە.

قەدەغەی پەیوەست بە فرۆشرانی چەکەمەنی بە ئێران، بە پێی بڕگەکانی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشت ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ ھەڵدەگیردرێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە پەیمان شکێنیەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانە ئەورووپییەکانی کۆشکی سپی بە پێی بڕگەکانی ڕێککەوتنی بەرجام بەڵێنمەندییەکانی لە سەر خۆی سوکتر کردووەتەوە.

سەرپەیڤ