تشرینی یه‌که‌م 12, 2020 18:04 Asia/Tehran
  • نێوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق

ئەمڕۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بە میوانداریی سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکەش تایبه‌ت بووە به‌ بارودۆخی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی.

 

بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ھەرێم ، لە ڕاگەیەنراوەکەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "کۆبوونه‌وه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و باره‌ قورسه‌ دارایى و ئه‌منى و ته‌ندروستییه‌ى له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و پشتیوانیى هه‌رێمى کوردستانى بۆ هه‌نگاوه‌کانى حکوومه‌ت و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌ فیدراڵییه‌کان دووپات کرده‌وه‌ بۆ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیریى وڵات، به‌تایبه‌تى ڕه‌خساندنى که‌شێکى سه‌قامگیر و له‌بار بۆ کار و ئه‌رکى نوێنه‌رایه‌تیى وڵاتانى دۆست و نێرده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ عێراق".

ڕاگەیەنراوەکە ئاشکرایکردووە، "کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراقى تاووتوێ کرد و پشتیوانیى خۆى بۆ زه‌مینه‌سازى بۆ هه‌ڵبژاردنێکى سه‌رکه‌وتووانه‌ له‌ عێراق ده‌ربڕى، ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان و جێبه‌جێکردنى مادده‌ى (140)ى ده‌ستوورى عێراق، به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌ بوون و ئاماده‌بووان هاوهه‌ڵوێست بوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامیى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌رکردنى سه‌رجه‌م کێشه‌کانى ئه‌و ناوچانه‌".

ڕاگەیەنراوی کۆبونەوە هاوبەشەکە وتوشیەتی، "کۆبوونه‌وه‌ پشتگیریى خۆى بۆ دوایین ڕێککه‌وتنى حکوومه‌تى فیدراڵى عێراق و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان دووپات کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵێکى گۆڕینى دیموگرافى له‌ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ڕه‌تکرده‌وه‌ و داواى کرد حکوومه‌تى فیدراڵى عێراق میکانیزمى ئارامى و ئاسایشى ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات".

کۆبوونه‌وەکە‌ جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وەتەوە‌ که‌ "بۆ تێپه‌راندنى ئه‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ و پاراستنى به‌رژوه‌ندییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان، پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌ن و پێکهاته‌کانى کوردستان توانایان یه‌ک بخه‌ن و یه‌کرێز و یه‌کهه‌ڵوێست ڕووبه‌ڕووى ئه‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ و ئه‌گه‌ره‌کانى داهاتوو ببنه‌وه‌".

ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوە هاوبەشەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "کۆبوونه‌وه‌ شه‌هیدکردنى ئه‌فسه‌رى ئاسایش غازى ساڵخ ئالیخانى له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆک شه‌رمه‌زار کرد".

سەرپەیڤ