قوباد تاڵەبانی: لە گەڵ بەغدا لە ھێندێک بواردا ڕێککەوتووین
جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە بارەی ھێندێک بابەتی سەرەکییەوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا ڕێککەوتوون.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا ڕۆژی سێ شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە پێتەختی عێراق ڕایگەیاند: لە ئێستادا دوو حەوتە بەسەر سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا تێدەپەڕێت و تیایدا توانیویانە بگەنە ڕێککەوتن لەسەر پرۆژەیاسای ساڵی ٢٠٢١ی زایینی.
قوباد تاڵەبانی ڕێککەوتنەکەی بە «سەرکەوتن» ناوبردووەو هیواشی خواستووە لە پەرلەمانیش پرۆژەکە تێپەڕێنرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە، پرۆژەکە توانیویەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت.
سەرۆکی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، گفتوگۆشمان کرد لە بارەی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی قەرز کە لە پەرلەمان بەبێ دەنگی لایەنە کوردستانییەکان پەسەندکراو وەک حکومەتی هەرێم بڕیارماندا جێبەجێ بکرێت.
تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە: گفتوگۆکانیان لە بەغدا بەردەوامە بۆ یەکلاکردنەوە و دیاریکردنی پشکی هەرێم لەو بودجەیەی کە بەپێی یاسای قەرزکردن تەرخانکراوە .