لێدوانەکانی قوباد تاڵەبانی لە بارەی رێککەوتن لە گەڵ بەغدا و فرۆشی 50 ساڵەی نەوت بە تورکیا
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، هەرێمى کوردستان ئامادەى رێککەوتن و پابەندە دەستورییەکانە و فرۆشی 50 ساڵەی نەوت بە تورکیاش دوورە لە راستی .
بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ھەرێم ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکى شاندى هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ناوەندی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی حکومەتی عێراق رایگەیاند" هەرێم ئامادەیە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکات و هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات، بەمەرجێک ئەو رێککەوتنە دادپەروەرانە بێت".
جێگری سەرۆکی هەرێم باسی لەوەشکردووە، پشکی راستەقینەی هەرێمى کوردستان دواى لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان (٥% ) تێپەڕ ناکات و داوای کردووە، هاوکات کۆمپانیای سۆمۆ سەرلەنوێ دابمەزرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شەفاف نەوت بگەیەنێتە بازاڕەکان بە نەوتى هەرێمیشەوە.
لەبارەی رێککەوتنی ٥٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەوەی کە دەوترێت بۆ فرۆشتنی نەوتە راست نییە، ئێمە نەوتمان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ نەفرۆشتووە، رێککەوتنی ٥٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا تەنها بۆ هەناردەکردنی نەوتە لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیا بۆ بەندەری جەیهان، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە عێراق لەگەڵ تورکیا کردوویەتی بۆ گواستنەوەی نەوت لەرێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
هەروەها دڵنیایی دەدات لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات، وەک ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تەنانەت داهاتی نانەوتی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە.