قوباد تاڵەبانی: نەوتی هەرێم بۆ ماوەی 50 ساڵ بە تورکیا نەفرۆشراوە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 14/3/2021 لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی نیشتمانی عیراق ڕایگەیاندووە: پێشتر ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی عیراقیدا هەبووە و هەمان ڕێککەوتن خراوەتەوە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ەوە.
قوباد تاڵەبانی ڕوونیشیکردووەتەوە: دواتر پڕۆژە یاساکە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و لەگەڵ لیژنەی دارایی نوێنەراندا گفتوگۆ کراوە، تائێستاش هیچ پێشنیازێکی شوێنگرەوە بۆ ئەو پێشنیازە نییە کە تایبەت بە پشکی هەرێم کە لە پڕۆژە یاساکەدا دانراوە، لە ئەنجامدا دەبێت یاساکە لەلایەن حکومەتی ناوەندی و هەرێمەوە جێبەجێ بکرێت.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە باشترین پێشنیاز باسی لەوەکردووە:”پێشتر چەندین جار وتومانە کە بۆ ئاڕاستەکردنی بارودۆخی ئابووریی و دارایی حکومەتی فیدراڵ بەرەو ڕێگەیەکی دروست، پێویستە یاسایەک هەبێت کە بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، پێمانوایە ئەو دەقەی کە حکومەتی عیراق ڕەزامەندی لەسەر داوە باشترین دەقە و دەتوانرێت لەلایەن هەردوولاوە جێبەجێ بکرێت”.
سەبارەت بەوەی گوایە هەرێم بۆ ماوەی 50 ساڵ نەوتی بە تورکیا فرۆشتووە قوباد تاڵەبانی ڕەتیکردەوە و وتی، “ئەوەی دەوترێت لەو بارەیەوە ڕاست نییە، ئەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا هەیە گواستنەوە و بە بازاڕکردنی نەوتە لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە، هەروەها حکومەتی فیدراڵیش هەمان جۆر ڕێککەوتنی هەیە”.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا قوباد تاڵەبانی وتیشی:”لە گفتوگۆکان لەگەڵ وەزیری نەوتی عیراق داوامان کردووە کۆمپانیایەکی بە بازاڕکردنی فیدراڵی دروست بکرێت کە هەموو پێکهاتەکانی تێدا بێت و لەو چوارچێوەیەشدا نوێنەرانی هەرێم هەبن، ئەگەر نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت”.