نیسان 04, 2021 22:00 Asia/Tehran
  • دوو پەرلەمانتارەکەی گۆڕان  لەسەر دۆسیەی

دوو ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایانگەیاند، پەیوەست بە بەدواداچونەکانیان لەسەر پرسی قاچاغچێتی، ئاگادارکردنەوەی دادگایان پێگەیشتووە بۆ دادگایی کردنیان و "ئەوەی وتومانە لەسەر قاچاغچێتی بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین، لە بازاڕی جگەرە نوسینگەیان داناوە و 96% جگەرەی کوردستان بە قاچاغ دێت".

بە پێی ھەواڵێکی میدیای ھاوڵاتی ، عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد، ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا ئەوە دەخەنەروو کە "بەفەرمی ئاگادارکردنەوەی دادگامان پێگەشت، بۆ دادگاییکردنمان بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقیک واژمان کرد و بەویستی خۆمان دەچینە بەردەم دادگا، ئەوەی وتومانە لەسەر قاچاخچێتی بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین".

هەروەها ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە" باشماخ لە ڕابردوو و ئێستادا ناوەندێکی گەورەی قاغاخچێتییە و لە بازاڕی جگەرە نوسینگەیان داناوەو 96%ی‏ جگەرەی کوردستان بە قاچاغ دێت و لە گەڕەکی عەقاری نوسینگەیان داناوە و هەزاران ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلیان داخڵکردوە، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک 6500 دۆلاریان وەرگرتووە".

هاوکات ئەو دووپەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشیان خستوەتەڕو، "بارهەڵگرێک هێلکە بە 12000 دۆلارو هێلکەی تروکاندن بۆ جوچکە 16000، بارێک دوگ بە 25000  دۆلار و بارهەڵگرێک مس و فافۆن بە 7000000  دەبەن و دادگاو داواکاری گشتی و دەسەڵات، تەماشاکەرن و زەلیلانە لەو قاچاخچیانە دەڕوانن، لەبری ئەوانەی سەدان ملیۆن دۆلاریان بە قاچاخی برد و  ئەوانەی ڕێگا خۆشکەر و  بکەری قاچاخچێتین، ئێمە دەدەنە دادگا، لە کاتێکدا هەر ئەوانن بە هەزاران دۆنم زەویان لەم شارە داگیرکرد و سلێمانیان کرد بە شاری جەمەلۆن و مەغزەن".

ئەو پەرلەمانتارانە جەخت دەکەنەوە لەکاتی دادگاییکردنیاندا بەڵگەکان دەخەنەڕ و باسیان لەوەکردوە، "هەموو شت لەبەردەم دادگا دەسەلمێنین، بە وردەکاری زۆر و ناوهێنانەوە، هیوادارین دادگاش سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەمەش دوو بژاردە هەیە، یان دادگا سەربەخۆیانە بڕیار دەدات و قسەکانمان دەسەلمێنێت یان بە ساڵێک بۆ پێنج ساڵ حوکمی ئێمە دەدا، چونکە هیچ سزای پێبژاردنێک نادەینە قاچاغچییەکان".

سەرپەیڤ