راپۆرتی گاردیەن لەسەر ژیانی پڕ لە کارەساتی دانیشتوانی باکووری ھەرێم لە ژێر بۆردمانی فڕۆکەکانی تورکیا
ڕۆژنامەی گاردیەن و گۆڤاری شەڕە ئاسمانییەکان ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی قوربانیانی خەڵکی سڤیل بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانی تورکیاوە زۆر بەرز بووەتەوە و ترس لە فڕۆکەکانی تورکیا تەنگی بە خەڵکی هەرێم چنیوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سوپای تورکیا هاوکات لەگەل ئۆپراسیۆنی 2018 و 2019 ی خۆی لە دژی کوردەکانی سووریا، ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە هەرێمی کوردستانیش بە بیانووی ڕووبەڕوو بوونەوەی پەکەکە بەرز کردووەتەوە و بە پێی ڕاپۆرتی گۆڤاری شەڕە ئاسمانییەکان، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دژی هێزەکانی پەکەکە بووەتە هۆی گیان لەدەست دانی ژمارەیەک هاووڵاتی کورد لە هەرێم.
ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە هەرێم بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، لە ژمارەی زۆری قوربانیانی خەڵکی سڤیل بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەواڵی داوە و هۆشداریی داوە کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا کار و ژیانی لە خەڵک کردووە و ڕەوتی ژیانی ئاسایی خەڵکی تووشی کێشە کردووە.
ئەو ڕۆژنامەیە هۆکاری چڕ کردنەوەی هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی کەم بوونەوەی پێکدادانەکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و کێشرانی شەڕەکە بۆ ناوچەی کوێستانیی قەندیل ڕاگەیاندووە.
بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، 66 لە سەدی پێکدادانە ناوخۆییەکان لە تورکیا لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و پەکەکە کەم بووەتەوە.
ڕۆژنامەی گاردیەن هەروەها لە سەرەنج نەدانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا نیسبەت بە بەجێماوەکانی قوربانیانی هێرشەکانی تورکیا ڕاپۆرتی داوە.
ئەو بنماڵەگەلە ڕایانگەیاندووە کە هیچ بنکەیەکی حکومی و یان سیاسەتوانێک لە هەرێمەوە بۆ دەربڕینی هاوخەمی یان هەوڵدان بۆ قەرەبوو کردنەوەی خەسارەکان نەچوونەتە ئەو ناوچانە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی گاردیەن و گۆڤاری شەڕە ئاسمانییەکان، بوردمانەکانی تورکیا بووەتە هۆی چۆڵ کرانی 400 گوند و ئاوارە بوونی هەزاران کەسی سڤیلی کورد کە زۆربەشیان وەرزێر و ئاژەڵدارن و هەر بەو بۆنەوە کار و داهاتیشیان لەدەست داوە.