نیسان 27, 2021 18:59 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەرێمی کوردستان

«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی هەولێر و لەلایەن کۆڕێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیی لێکرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی هەولێر و لەلایەن کۆڕێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لێکراو دواتر لە هۆڵی پێشوازیی فڕۆکەخانە بۆ ماوەیەکی کورت پێکەوە کۆبوونەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و تاران تاوتوێ دەکەن.

«موحەممەد جەواد زەریف» بەمەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگی دو لایەنە، بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق-ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق، بەرەبەیانی دوێنێ دوشەممە گەیشتە بەغدا.

زەریف لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و هەماهەنگیی دو لایەنە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی  تاوتوێ کردووە.

سەرپەیڤ