حوزه‌یران 21, 2021 17:05 Asia/Tehran
  • لە هه‌رێمی کوردستان دادگایه‌کی تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی پێکده‌هێنرێت

ده‌سته‌ی ده‌ستپاکیی هه‌رێم ئاشکرایی کرد بۆ خێرا یه‌کلاکردنه‌وه‌ی دۆسیه‌کانی تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی و خێرا جێبه‌جێکردنی کاروباره‌کان، دادگایه‌کی تایبه‌تمه‌ند له‌ هه‌رێمی کوردستان پێکده‌هێندرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش کاربۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای ده‌سته‌که‌ و دانانی ستراتجێک بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن.

له‌ لێداونێکیدا د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ده‌ستپاکیی هه‌رێمی کوردستان به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند: له‌ پێناو به‌ره‌وپێشچوونی هه‌نگاوه‌کانی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و سه‌رکه‌وتنی کاره‌کانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی هه‌رێمی کوردستان،  پێویستمان به‌ چوار هه‌نگاوی گرنگ هه‌یه‌.

وتیشی: یه‌کێک له‌و هه‌نگاوانه‌ پێکهێنانی دادگایه‌کی تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ پرسی گه‌نده‌ڵی،  که‌ له‌سه‌ر پێشنیاری ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ پێکده‌هێندرێ،  بۆئه‌مه‌ش هه‌وڵه‌کان ده‌ستی پێکردوه‌‌و چاوه‌ڕوانده‌کرێت له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی تر ئه‌و ئه‌نجامه‌کانی ده‌ربکه‌ێت، به‌پێکهێنانی ئه‌و دادگایه‌ کاره‌باره‌کان خێراتر  ده‌چێته‌وه‌ پێشه‌وه‌ و دۆسیه‌کان زووتر یه‌کلاده‌کرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد: راسته‌ ئه‌و دادگایه‌ سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پێکده‌هێندرێت، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ستیاریی دۆسیه‌کان و زه‌حمه‌تی ئه‌نجامدانی هه‌نگاوه‌کان، پێویستی به‌دادوه‌ری تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت که‌ ئه‌زمون‌و شاره‌زایی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ هه‌بێت.

جێی ئاماژه‌یه‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی هه‌رێم دامه‌زراوه‌ و سه‌ربه‌ په‌رله‌مانی کوردستانه‌، ئه‌رکه‌کانی تایبه‌ته‌ به‌ به‌ به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌ی  سه‌رجه‌م ئه‌و دۆسیانه‌ی ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی گه‌نده‌ڵی و دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ده‌ستپاک.

سەرپەیڤ