حوزه‌یران 22, 2021 10:11 Asia/Tehran
  • پێوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئێران

«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆمارەی ھەڵبژێردراوی ئێران ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی وشە، دوای سەرکەوتنی «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» لە هەڵبژاردنەکەی ھەینیی ڕابردووی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران ، «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئێران پێوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجام داو لە میانەی دا وێڕای پیرۆزبایی کردنی ئەو سەرکەوتنە لە «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» هیوای بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستانی خواست.

لەم پێوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی سوپاس و پێزانین بۆ هاوکاری و پشتگیرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەرێمی کوردستان لەرۆژە سەختەکاندا،هیوای خواست لەسەردەمی سەرۆکایەتیی سەرۆک کۆماری تازەش دا، پەیوەندییە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش، زیاتر بەرەوپێش بچن و بوارەکانی هاریکاری و هاوبەشیی نێوان هەردوولا فراوانتر ببن.

لای خۆیەوە «سەیید ئیبراهیم رەییسی»ش خۆشحاڵی و سوپاسی خۆی بۆ پێوەندی و پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای بەرەوپێشچوونی زیاتری پێوەندییەکان و هاریکاریی ئێرانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان خواست.

سەرپەیڤ