ته‌مووز 12, 2021 16:05 Asia/Tehran
  • دادگاییکردنی چوار دەستگیرکراوی بادینان دواخرا

دادگاییکردنی چوار دەستگیرکراوی بادینان دواخرا بۆ کاتێکی نادیار، سەرۆکی تیمی پارێزەران دەڵێت، بەهۆی زۆریی دۆسیەکانەوە دادگا نەیتوانیوە سەیری بکات، پەرلەمانتارێکیش ئاشکرایکرد، ئەو کەسانەی کراونەتە شایەتحاڵ بەسەریانەوە، ڕایانگەیاندووە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن دەستگیرکراوانەوە نییە.

بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دەستگیرکراوانی بادینان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو چوار دەستگیرکراوەی بادینان، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت، دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.

پارێزەرەکە وتی، هۆکاری دواخستنەکە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە، کە دادوەرەکان دۆسیەی دیکەی تایبەت بە ماددەی هۆشبەریان لابووە و فریای ئەم دۆسیەیە نەکەوتوون.

لای خۆیەوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو چوار چالاکوانە بە ئەنجامدانی تەقینەوە و هەوڵی تیرۆرکردن، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە و دەبوو چەک و تەقەمەنییان پێ بگیرێت، بەڵام تەنها ناسنامە و مۆبایل و ئینتەرنێتیان پێگیراوە و هیچی تر.

وتیشی، “ئەو کەسانەی کرابوون بە شایەتحاڵ بەسەریانەوە، هیچ شایەتییەکیان نەدا و تەنانەت بەشێکیان دەیانگوت تۆمەتباران ناناسین، تەنها یەک شایەتحاڵی نهێنی نەبێت، بەناوی (ژمارە 33)، کە هەر نەمانزانی کێیە و کەس نەیبینی”، بۆیە پەرلەمانتارەکە گەشبین بوو بەوەی تۆمەتبارەکان ئەو تۆمەتانەیان بەسەردا نەسەپێنرێت.

ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە بڕیاربوو پرۆسەی دادگاییکردنی پێنج چالاکوان بەڕێوەبچێت، کە بریتی بوون لە، (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان کەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد)، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەری سەرەکی ئامادەنەبوو، دادوەری جێگرەوە داوایکردبوو دادگاییەکە دوابخرێت، بڕیارە سبەینێ پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو پێنج دەستگیرکراوەی دیکەش بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان باسی لەو تۆمەتانەشکرد، کە دراونەتە پاڵ ئەو پێنج چالاکوانە، لەوانە، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ چالاکوانانی بەغداد، پشتگیریکردنی مستەفا کازمی و هەروەها بوونی پەیوەندی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام پارێزەرەکە ڕەتیکردەوە هیچکام لەو تۆمەتان تاوان بن.

سەرپەیڤ