سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی بەریتانیا کۆ بووەوە
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ «بین واڵاس» وەزیری بەرگریی بەریتانیا کۆ بووەوەو چەند بابەتێکی گرنگی ھاوپەیوەند بە هەرێم و عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە «نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ «بین واڵاس» وەزیری بەرگریی بەریتانیا کۆ بووەوەو دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعشیان تاوتوێ کرد.
وەک لە ڕاپۆرتەکاندا ھاتوە، ھەردوک لا لە کۆبوونەوەکەدا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشت و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و جیهان و هێشتا پشتگیری و هاریکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی پێویستە.
وەزیری بەرگری بەریتانیا دووپاتی لە بەردەوامیی بەشداری و ئەرکی هێزەکانی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کردەوە، هەموو پشتگیرییەکی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەریتانیا و پشتگیریکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا دووپات کردەوەو هاوکارییە سەربازییەکانی بەریتانیای بەرز نرخاند، بەتایبەتی ئاماژەی بە بوونی ڕاوێژکار و تیمەکانیان و مەشقکردن و ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە کرد.
ھەروەھا گرنگیی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چاکسازی و هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و دۆخی تەناهیی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی تر، تەوەرێکی تری کۆبوونەکە بوون.