ئادار 16, 2022 11:38 Asia/Tehran
  • ھاوپەیمانیی سێ قۆڵیی سەدرو بارزانی و حەلبوسی دوای نەورۆز  ڕادەگەیەندرێت

پارتی ڕایگەیاندووە کە ھاوپەیمانیی سێ قۆڵیی سەدرو بارزانی و حەلبوسی لەژێر ناوی «ڕزگاریی نیشتیمانی» دوای پشووی نەورۆز ڕادەگەیەندرێت.

«شەریف سەلمان» نوێنەری پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە وتووێژێک دا لەگەڵ ھەواڵدەریی فەرمیی عێراق «واع» جەختی کرد:  ھاوپەیمانیی سێ قۆڵیی  ڕەوتی سەدرو پارتی دیموکرات و  سەروەری بە سەرۆکایەتیی «موحەممەد حەلبوسی» گەییشتووەتە قۆناغی ڕاگەیاندنی فەرمی.

وتیشی: ئەمە ھاوپەیمانییەکی ھێزمەندو یەکانگیر بووە کە بەم زووانە لەژێر ناوی «ڕزگاریی نیشتیمانی» پەردەی لە سەر ھەڵدەگیرێت.

«سەلمان» وتووشیەتی: ھاوپەیمانییەکە لە کردەوەدا دروست بووەو تەواوی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەی ئامادە کراوەو لە سەری ڕێککەوتوون و ڕاگەیاندنە فەرمییەکەشی بە شیمانەی زۆرەوە دەکەوێتە دوای پشووی ڕۆژانی نەورۆز چونکو ھەرێمی کوردستان ھەر لە ئێستاوە سەرقاڵی گێڕانی ئاھەنگی نەورۆزە.

بە قسەی ناوبرڕاو ڕوانگەی سەرەکیی «ڕزگاریی نیشتیمانی» پێکھێنانی حکومەتێکە لە سەر بنەمایەکی پتەوو قایم لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق.

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند کە کۆبوونەوەی تەواوی کۆتلە سیاسییەکان لەوانە چوارچێوەی ھەماھەنگی و تاقمەکانی دیکە لە بارەی دیاری کرانی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران دەکەوێتە دوای ڕۆژانی پشووی نەورۆزو کۆبوونەوەکانیش بە بێ گرفت بەڕێوە دەچن چونکو تەواوی پێکھاتە سیاسییەکانی بەم ئەنجامە گەییشتوون کە بەردەوام کرانی ئەم چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستا ئاسان نییە.

سەرپەیڤ