حوزه‌یران 26, 2022 13:29 Asia/Tehran
  • رەزامەندیی پارتی دیموکرات لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی

وتەبێژی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا رایگەیاند، کەشی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتەکەیان لەگەڵ لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق ئەرێنییە.

 مەهدی عەبدولکەریم وتەبێژی لقی پارتی لەبەغدا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە: هەفتەی داهاتوو پارتی بڕیاری جیدیی و لێبڕاو لەبارەی هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دەدات.

هەروەک ئاماژەى بەوەشکردوە، پەڕلەمانتارە نوێکان هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگییان بەرانبەر بە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر بەهێز کرد، ئەمەش وادەکات پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتێکی سازانی نیشتیمانیی بەبەشداریی هەموو لایەنەکان خێراتر ببێت.

بەرپرسەکەى پارتى لە بەغدا باسى لەوە کردوە، کە پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی چڕ و پر لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییە کاراکانی سەر گۆرەپانی سیاسیی لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی سیادە و پارتی و لایەنەکانی تر دەستپێدەکات بەمەبەستی گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنێک لە حکومەتی نوێی لێبکەوێتەوە، لەکاتێکدا نزیکەی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە.

هەر لەوچوارچێوەیەدا، ڕێبین سەلام مامۆستای زانکۆ و کادیری پێشکەوتووی پارتی رایگەیاندووە کە سەرەتای مانگی داهاتوو پرسی کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لەنێوان یەکێتی و پارتی یەکلایی دەکرێتەوە.

 

سەرپەیڤ