ئه‌یلوول 09, 2022 08:07 Asia/Tehran
  • مەسرور بارزانی: پشتیوانی له‌ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا ده‌کەین

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و سوریا کۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی له‌ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا ده‌کات و ئامادەی هەر جۆرەهاریکاریی و کارئاسانییەکیشین لەم بوارەدا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق، بە گوێرەی راگه‌یه‌ندراوێکی نوسینگه‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە (8ی ئەیلول)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و سوریا کرد بە سەرۆکایەتی «ڤیلە ڤاریۆلا» باڵوێزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و لە کۆبونەوەکەدا  گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا کرا. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌، دوای خستنەڕووی کارو چالاکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و سوریا، « ڤاریۆلا» ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپای بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ حکومەتی هەرێم دەربڕی.

ناوبراو سوپاسی هاریکاریی مرۆڤیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێم و ئاسانکاری هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد و ئینجا سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد و خواستی بەرەوپێشترچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی لە سەر هەموو ئاستەکاندا نیشاندا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەدا، «مەسرور بارزانی» پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا دوپات کردەوە و ئامادەیی حکومەتیشی بۆ هەر هاریکاری و کارئاسانییەک لەم ئاراستەیەدا ڕاگەیاند.

سەرپەیڤ