پارتی دیموکرات مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پۆستەکەی بەبێ گۆڕینی سەرۆک کۆمار قبووڵ ناکات
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، قبووڵی ناکەن لە حکوومەتی ئینتقالی دا بەرهەم ساڵح لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە چوونکە ئەو پۆستە هی لایەنێک نییە.
ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەربارەی بانگەوازەکەی سەدر بۆ مانەوەی سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و سەرۆکوەزیران بەشێوەیەکی ڕاگوزەر تاوەکوو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ڕایگەیاند: بە مانەوەی مستەفا کازمی ڕازین لە پۆستکەی، بەڵام مانەوەی بەرهەم ساڵح قبووڵ ناکەن.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئەگەر لایەنە شیعەکان ڕێککەوتن لەسەر مانەوەی مستەفا کازمی لە پۆستەکەی تاوەکوو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوە با بمێنێتەوە کێشەمان نییە، بەڵام بە مانەوەی بەرهەم ساڵح ڕازی نیین.
ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوەش کرد: "پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستێکی گەورەیە و پێویستە ئەو کەسەی سەرۆک کۆمارە پارێزگاری لە دەستور بکات و نوێنەری سەرجەم لایەنە کوردییەکانیش بێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەوەمان نەبینیوە، بۆیە قابیلی قبووڵ نیە ئەو پۆستە لە دەست کەسێکدا بمێنێتەوە کە نەتوانێت ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی ببینێت".