تشرینی یه‌که‌م 28, 2022 11:29 Asia/Tehran
  • سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکەی کرد

«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق شەوی ڕابردوو لە پەیامێکدا بە بۆنەی متمانەی بەخشینی پەرلەمانی عێراق بە کابینەکەی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیرانی تازەی ئەم وڵاتە، پیرۆزبایی لێ کردو ھیوای خواست کە بەم گۆڕانکارییە نوێیە ئازارەکانی گەلی عێراقیش کۆتایی پێ بێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و ئەندامانی کابینەکەی کردو و هیواداریی دەربڕی کە حکومەتی نوێ سەرەتای چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان بێت. 

«نێچیرڤان بارزانی» سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق شەوی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بە بۆنەی بەخشینی متمانە بە حکومەتی نوێی عێراق، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو عێراقییەکان دەکەین بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە، هەروەها پیرۆزبایی ئاراستەی «محەمەد شیاع سودانی» سەرۆک وەزیران و ئەندامانی حکومەتەکەی دەکەین، لەگەڵ هیوای سەرکەوتن بۆ هەموویان لە ئەرکەکانیاندا. 

وتیشی: هیوادارین ئەم هەنگاوە ئومێدبەخشە سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی گەلی عێراق و سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و گەشەی ئابوری و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری و سەقامگیری و ئاسایشت. 

بارزانی لەکۆتایی پەیامەکەی دا پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی بەرنامەو ئەرکەکانی حکومەتی نوێی عێراق دەربڕی و ئامادەیی دووبارەی ڕاگەیاند بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی دەستووردا. 

ڕۆژی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبردو تیای دا متمانەی بە کابینەی تازەی عێراق بە سەرۆکایەتیی «محەمەد شیاع سودانی» بەخشی.

سەرپەیڤ