شوبات 08, 2023 20:21 Asia/Tehran
  • ھەرێمی کوردستان ھاوکارییەکانی بۆ وڵاتە لێقەوماوەکانی دەستی بوومەلەرزە بەردەوام دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ کۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی دا بڕیاری دا کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ھەردووک وڵاتی تورکیا و سوریا رابگەیەنێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق،  ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی «مه‌سرور مەسعود بارزانی» کۆبووه‌ته‌وه‌ و لە دەستپێکدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی هەرێمی کوردستانی بۆ کەس و کار و بنەماڵەی قوربانیانی بومەلەرزەکەی هەردووک وڵاتی تورکیا و سوریا دووپات کردەوە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوەش کرا کە هەرێمی کوردستان بە پێی توانا، هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست پێشکەشی لێقەوماوانی ئەم کارەساتە سروشتییە لە ھەردووک وڵاتی تورکیاو سووریا دەکات.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش کرا که‌، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا یەکەمین کاروانی فریاگوزاری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان گەیەنراوەتە تورکیا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت، لە هەمانکاتدا ڕێکاری پێویستیش گیراوەتە بەر بۆ ناردنی کاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریا.

ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی کوردستان بڕیاری داوه‌ کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی کارەساتەکە ڕابگەیەنێت و پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر.

سەرپەیڤ