ئادار 20, 2023 18:07 Asia/Tehran
  • داخوازیی دووبارەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی وەزیرەکانی یەکێتی

«مەسرور بارزانی» سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ په‌یامێک دا به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ رایگه‌یاند: داوا لە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاریی یەکێتیی ده‌کاته‌وه‌، کە لە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گشت کێشەکان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بەیەکەوە چارەسەر بکرێن.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «مەسرور مەسعود بارزانی» ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزەوە، رایگه‌یاند: گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم، هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، ڕۆژانی جەژن و پشوو بەسەرببەن، لە هەمانکاتدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاک و خاوێنیی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بپارێزن، هەروەها پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن و دووربن لە تیژڕۆیی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، جەژنی نەورۆز، هێمای یەکگرتن و یەکڕیزی و سەرکەوتنمانە، لەم بۆنەیەدا، "جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستیی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانمان.

مەسرور بارزانی وتووشیەتی: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هاوڵاتییانی ئازیزمان و خوڵقاندنی کەشێکی ئەرێنی، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەمەوە، کە لە دوای کۆتایی هاتنی پشوەکانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گشت کێشەکان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بەیەکەوە چارەسەر بکرێن، کاربکەین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.