ته‌مووز 01, 2023 02:30 UTC

ڕۆژی عەرەفە نۆیەمین ڕۆژی مانگی زلحەججەیەو بە یەكێك لە باشترین ڕۆژەكان دادەنرێت بۆ مسوڵمانان، لەو ڕۆژەدا حاجیان لەسەر چیای عەرەفە دەوەستن، بەو پێیەی کە وەستان لە عەرەفە بە گرنگترین پایەی حەج دادەنرێت.

 

چیای عەرەفە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەككە، لەگەڵ ھەڵاتنی ڕۆژی نۆیەمی زلحەججە، حاجیان مینا بەجێدەهێڵێن و بەرەو عەرەفە دەكەونە ڕێ، بۆ ئەوەی لەوێ بوەستن و نزا بكەن، وەستان لە عەرەفە بە بوونی حاجی لە هەر شوێنێكی عەرەفە بەدەست دێت، جا چ وەستابێت، سواری بێت، یان پاڵ كەوتبێت، بەڵام ئەگەر حاجی لە سنووری عەرەفەدا نەوەستێت كە لەم ڕۆژەدا دیاری كراوە، زیارەتی حەجی تەواو نابێت.

وەستان لە عەرەفە بە گرنگترین پایەی زیارەت دادەنرێت، دوای نوێژی نیوەڕۆ، وەستان لە عەرەفە دەست پێدەكات تا نوێژی عیشا.چیای عەرەفە دەكەوێتە دەرەوەی سنووری حەرام، لەسەر ئەو ڕێیەی كە مەككە و تەیف بەیەكەوە دەبەستێتەوە، ڕووبەرەكەی بە نزیكەی 10 كیلۆمەتر و نیو دووجا مەزەندە دەكرێت.

ناوچەی عەرەفە یان عەرەفات دەشتێكی تەختە كە بە زنجیرە شاخێك دەورە دراوە كە شێوەی كەوانەیەك وەردەگرێت، درێژی و پانی نزیكەی دوو میلە.عەرەفات چوار سنووری هەیە، یەكەمیان لە لێواری ڕێی ڕۆژهەڵات كۆتایی دێت، دووەمیان لە لێوارەكانی چیاكە لە پشت ناوچەی عەرەفاتەوە، سێیەمیشیان لە باخەكانی میوە كە بەدوای گوندی عەرەفاتەوە دێن، چوارەمیش لە وادی عەرنە كۆتایی دێت.

دیاری كردنی ئەو ڕۆژە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وەک باسی دەکرێت جوبرەئیل لەو شوێنە فەریزەكانی حەجی فێری حەزرەتی ئیبراهیمی پێغەمبەر كردووە.

ئەمساڵ دوو ملیۆن حاجی سەردانی عەرەبستانیان كردووە و گەشتی حەجج ئەنجام دەدەن، بەمەیش یەكەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتە ئەو ژمارە زۆرەی حاجی لەخۆ بگرێت بۆ یەك وەرزی حەج.

سەرپەیڤ