پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ بە کەرنەڤاڵی گەورە کۆتایی بە بانگەشە دەهێنن
رۆژی هەینی دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە و بەشێک لە حیزبەکانی کوردستان دوایین کەرنەڤاڵیان کردووە، بەڵام پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ لە دوایین رۆژدا لە سلێمانی و هەولێر دوایین و گەورەترین کەرنەڤاڵەکانیان دەکەن.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، بێدەنگیی هەڵبژاردن لە کاژێر 07:00ـی بەیانیی رۆژی شەممە، 8ـی 11ـی 2025 دەستپێدەکات و هەر بەربژێر و لایەنێک سەرپێچی بکات و بانگەشە بکات، رێکاری یاسایی لەبەرامبەری دەگرنەبەر.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو حیزبی ژمارە یەک لەرووی کورسی و دەنگەوە رۆژی هەینی کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی دەکات.
یەکێتیش وەکو هێزی دووەم لەرووی دەنگ و کورسییەوە، دوایین بانگەشەی دەباتە سلێمانی، بڕیارە سەرۆکی حیزبەکە گوتارێک لە دوایین بانگەشەی لیستەکەی پێشکێش بکات .
هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێیش راگەیاند: رۆژی هەینی لە شاری سلێمانی ولە ئاهەنگی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن، پەیامێکی نوێی دەنگیی شاسوار عەبدولواحید لە زیندانەوە بڵاو دەکرێتەوە.
شیاوی ئاماژەیە؛ 8 لیست ولایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و 8 بەربژێری سەربەخۆ رکابەریی لەسەر کورسییەکانی هەر سێ بازنەکە دەکەن، رۆژی 11ـی 11ـی 2025 دەنگدەرانی کوردستان و عێراق، نوێنەرانیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێرن .