ئادار 21, 2017 16:18 Asia/Tehran
  • بەردەوام دەبین لە بەرجام / ئێران پێبەندی گرێبەستەکە بووە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا وێڕای جەخت لە سەر پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ١٤ ی جوولای ساڵی ٢٠١٥ وتی: یەکێتی ئەورووپا بەرجام درێژە دەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی  هەواڵی مێهر لە هەواڵدەریی فەڕەنسا، فێدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی سیاسەتی ناڤۆکی ڕێکخراوی کارنگی جارێکی تر لە سەر پێبەند بوونی تەواوی ئێران بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ١٤ ی جوولای ساڵی ٢٠١٥(٢٣ ی پووشپەڕ ١٣٩٤) ی نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٥ ناسراو بە بەرجام جەختی کرد.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لەم بارەیەوە وتی: بەرجام ڕێککەوتنێکی دوو لایەنە نەبوو، بەڵکوو رێککەوتنێکی چەند لایەنە بوو کە پێوەندی بە تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە هەیە و یەکێتی ئەورووپا دەیپارێزێت، چونکوو بەڕێوە بردنی تەواو و وردی کلێڵی ئاسایشی ئێمەش دێتە ئەژمار.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پاڵپشتیی لەم ڕێککەوتنە کرد و ئەنجومەنی ئاسایشیش پەسەندی کرد.

ئەم بەرپرسە باڵایەی ئەورووپا وتی: تا ئێستا، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی ٥ جار پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردووە و بەردەوام چاودێریی بە سەر بەرنامەکەشدا هەیە.