ته‌مووز 13, 2018 20:30 Asia/Tehran
  • قاسمی : پلانی مووشەکیی ئێران تەواو یاسایی و بەرگرانەیە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وێڕای بەبێ بنەمازانینی ڕاگەیەندراویی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، وتی: پلانی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران نە تەنیا پێشێل‌کەری بڕیارنامەی ٢٢٣١ نیە، بەڵکوو تەواو یاسایی و بەرگرانەیە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی ەرەوە لە کاردانەوە بە بەیاننامەی سەرۆک وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کە لە بڕگەیەکدا ئاماژە بە پرسەکانی هاوپەیوەند بە وڵاتەکەمان دەکات، ڕایگەیاند: ئێمە تۆمەتە چەنەپاتەکراوەکانی ئەو بەیاننامەیە سەبارەت بە ئێران، هەر وەک ڕابردوو ڕەت دەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین. وردبینانە پەیجۆری گۆڕانکاری و پرسەکانی ئەو دانیشتنەین؛ بە تایبەت شایەدی ئاکار و گوشارەکانی ئەمریکا لە سەر ئەندامانی ئەو پەیمانەین. بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی کە زۆرترین تێچووەکانی ناتۆ بۆ ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەرخان دەکرێت، ئەو وڵاتە قەرزدارانە و بە گوشارنانەوە هەوڵی داسەپاندنی بۆچوون و سیاسەتەکانی خۆی بە نیسبەتی گەلانی دیکە و بە تایبەت وڵاتانی ئەەورووپی دەدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: بێ گومان دڵگرانی دەربڕینە بێ بنەماکانی ناتۆ سەبارەت بە پڕۆگرامە مووشەکیەکەی ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لە سەر هەڵوێست و پلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناو پاراستن، پەرەپێدان و بەهێزترکردنی تواناو گەڵاڵەی بەرگرانەی مووشەکیی نابێت.

قاسمی ئاماژەی بەوەش دا: وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کە بێ گومان باش ئاگاداری ڕاپۆرتە یەک لە دوای یەکەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە چالاکی و پابەندبوونی ئێران بەرامبەر بە بەڵێن و بەرپرسایەتییەکانین، لە بری ئەوەی هەوڵ بۆ خۆشحاڵ کردنی کاربەدەستانی ئەمریکی بدەن، باشتر وایە نیگەرانی پابەندنەبوونی یەکێک لە ئەندامانی خۆیان بەرامبەر بە ئەرک و بەرپرسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی لە پرس و بابەتی جۆراوجۆر لەوان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران بن.

ڕاشیگەیاند: پلانی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر پێشێل‌کەری بڕیارنامەی ٢٢٣١ نییە، بەڵکوو بە تەواوەتی یاسایی و بەرگرانەیە و ئێرانیش وەک هەموو وڵاتانی سەربەخۆی جیهان، مافی کەڵک وەرگرتن لە پلانگەلی یاسایی سەربازی- بەرگرانە بۆ بەرگری لە بەرژەوندی، خەڵک و وڵاتەکەی خۆی بە ڕەوا دەزانێ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دەوری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەشدا وتی: ئێران تا بووە خوازیاری هاوکاری و گفتوگۆی نێوناوچەیی لە گەڵ دراوسێکانی بووە و هەموو هەلێکی قۆستۆتەوە بۆ لە سەر گرتنەوەی ئەو گفتوگۆ و دانوستانانە لە گەڵ دراوسێکانی بە هەر لەون و شێوازێک.

قاسمی لە کۆتاییشدا جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش ئەوەی ژمارێک وڵاتی ئەندامی ناتۆ دەس کەنە وەڕێ خستنی هاوپەیمانیی ڕواڵەتی و بێسوود بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و لە کاتێکدا کە تیرۆریستان لە ژمارێک لەو وڵاتانەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناڤین وەڕێ کەون، بە تەگبیر و هەوڵی بێ وچان دەستی کردە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی پەروەردە و هەناردە کراوی ڕۆژاوا و لە ئاکامدا دەورێکی گرینگی گێرا لە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتدارێتی  و حکومەت کردنی گرووپە پڕمەترسییە تیرۆریستییەکانی وەک داعش لە ناوچەکەدا.

شایانی باسە، سەرۆک وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور (ناتۆ) لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی خۆیاندا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، نیگەرانیان بەرامبەر بە دزە و دەسەڵاتی ناوچەیی و پلانی مووشەکیی ئێران دەربڕی.