کانونی دوھەم 09, 2019 08:42 Asia/Tehran
  • زەریف : تۆمەتبارکردنی ئێران، نابێتە مایەی وەڵامدەر نەبوونی ئوروپا لەمەڕ داڵدەدانی ترۆریستان

وەزیری دەرەوەی ئێران دوێشەو(سێ شەممە) لە کاردانەوە بە ئیدیعاو کردەی ئەم دواییەی وڵاتانی ئوروپایی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: تۆمەت وبوختان هەڵبەستن بۆ ئێران، نابێتە مایەی سڕینەوەی تاوانی ئوروپییەکان لەمەڕ داڵدەدانی ترۆریستان.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس؛ "محەممەد جەوادی زەریف" لە ژمارەی تایبەتی لە ئوئیتەردا نووسی؛ ئوروپییەکان لەوان دانمارک، هۆلەندو فەڕانسە ، داڵدەی دەس و پێوەندییەکانی تاقمی ترۆریستیی مونافقین کە دوانزە هەزار ئێرانیان کوشتووەو لەتاوانکارییەکانی سەددام(دیکتاتۆری لەناوبراوی عێراق) دژ بە کوردانی عێراق هاوبەش بوون و هەروەها گرووپە ترۆریستییەکانی دیکەیان داوە کە لەخاکی ئوروپا بۆکوشتنی شارومەندانی بێتاوانی ئێرانی بەرنامەدادەڕێژن.

یەکێتی ئوروپا کە ئیدیعا دەکا بۆ پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەوڵ دەدا رۆژی سێ شەممە یەکەم خولی بایکۆت وگەمارۆی بەسەر ئێراندا سەپاند پاش جێ بەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە لەساڵی ٢٠١٦ دا. ئەو گەمارۆیانە لەسەر بنەمای ئیدیعاگەلێک سەپێندرا کە دانمارک لەدژ ئێران هێناویەتییە ئاراوە.

دانمارک سی ئۆکتۆبر بێ سەنەدو بەڵگە تارانی بەهەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرش لەناوخاکی وڵاتەکەیدا، تۆمەتبار کرد. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لێبڕاوانە ئەو ئیدیعایەی ڕەت کردەوە.

"بنیامین نەتانیاهۆ" سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی لەم دواییەدا بەئاشکرا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لەڕەوتی دۆسییە دروست کرانی دانمارک بەدژ ئێران، ڕاستەوخۆ دەروی گێڕاوە.

میدیا زایۆنییەکانیش بەرلەوە ڕاپۆریان دابوو کە موساد (ڕێکخراوی سیخوڕیی ئیسرائیل) زانیاریی هاوپێوەند بەوەی وا ناوی ناوە هەوڵدانی ئێران بۆ هێرش کردنەسەر کەسێک لە دانمارک، خستووەتە بەردەست کۆپنهاگ.

وڵاتانی ئوروپایی پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی(هەشتی مای) بەڵێنیان دا، بە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئابووریەکانی ئێران، ئەو ڕێککەوتنە بپارێزن. ئەو وڵاتانە، سەرباری خۆڕاگریی زارەکی و سیاسییان لەهەمبەر کردەی ئەمریکا تائێستا نەیانتوانیوە بەکردەوە وادەو بەڵێنیەکانی هاوپێوەند بە پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە، جێ بەجێ بکەن.

یەکێتی ئوروپا هەروها سەرباری نەیارەتی لەگەڵ بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، لەگەڵ هەموو ئیدیعاو بانگەشەکانی ئەو وڵاتە دژ بە ئێران هاوڕەوت و هاوتەریب بووە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوری بنەڕەتی دەبینێ لە بەرەوڕووبوونەوەی پیلانگێڕیی و کردەکانی تەوەری ئەمریکی-زایۆنی لەناوچەدا.