ئادار 17, 2019 14:24 Asia/Tehran
  • پەردە لادان لە سەر ١١٢ دەسکەوتی نوێی ئەتۆمیی ئیران؛ بەم زوانە

وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وتی: ٩ی ئاپریلی ٢٠١٩ لە سەر سەد و دوازدە دەسکەوتی نوێی ئەتۆمیی ئێران لە بەشە جۆربەجۆرەکاندا پەردە لادەدرێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "بێهرووز کەماڵوەندی" وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وتی: دەسکەوتە نوێ ئەتۆمییەکانی ئێران لە بواری تەکنۆلۆژیا، دۆزینەوەی نەوت و هەڵینجاندن، چەرخەی سووتەمەنی، هێزگەیی، زانست و تەکنۆلۆژیا، پێشکەوتنی لەیزر و بواری جۆربەجۆر بووە کە گرینگایەتییەکی زۆری لە بواری ئەتۆمیدا هەیە.

کەماڵوەندی وتیشی: پەردە لادان لە دەسکەوتە ئەتۆمییەکانی نوێ لە باروودۆخی ئێستای ئێراندا هەڵگری ئەو پەیامەیە کە  گەلی ئێران بە خۆڕاگری بەرامبەر بە بایکۆتی ئابووری، هەڕەشەکانی کردووە بە دەرفەت.

وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەمریکا پاش هیوابڕاو و شکست لە بواری شەڕی سەربازی ڕووی کردە شەڕێکی تۆکمەی ئابووری و ئێستایش ئامرازی ئابووری و بایکۆتی کردووە بە ڕێگای وەبن گوشار نانی ئێران.

نۆهەمی ئاپریل (٢٩ی خاکەلێوە) بە بۆنەی ڕێزدانان بۆ هەوڵی جێی شانازیی زانستوەرانی ئەتۆمیی ئێران و تۆکمە کرانی چەرخەی سووتەمەنیی ئەتۆمی بە ڕۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی ناودێڕ کراوە.