ته‌مووز 13, 2018 02:06 Asia/Tehran
  • عەبادی : لە عێراق دا داعشمان تەفروتونا کرد ، بەڵام لە سووریادا ھێشتا ناوچەگەلێکیان بە دەستەوەیە کە بۆی ھەیە ببنە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ، لە کۆبوونەوەکانی بروکسێڵ دا داوای پشتگری بۆ سووریای کرد بە مەبەستی سڕینەوەی یەکجاریی تیرۆریستانی داعش لەو وڵاتەش .

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە برۆکسێڵ داوای لە دەوڵەتانی جیهان کرد، هاوکاربن بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگی دژی داعش لە ناوچەکە و کۆتایی پێهێنانی دیاردەی تیرۆریزم لە سوریا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ژێدەرەکانی عێراقەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی دژی داعش لە برۆکسێڵ، سەردانی وڵاتی بەلژیکی کردووە، لە وتاردانەکەیدا لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە برۆکسێڵ ڕایگەیاند: دوو ڕۆژ لەمەوبەر ساڵیادی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بوو لە دەستی چەکدارانی داعش، کە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کردبوویە پێتەختی ئەو دەوڵەتەی کە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرد، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵدا توانرا تەواوی خاکی عێراق لەو ڕێکخراوەیە بسەندرێتەوەو دیارە وەھا سەرکەوتنێکی مەزنیش بە خوێنی هەزاران عێراقی مسۆگەر کراوە.

عەبادی ڕوونیشی کردەوە، بەو سەرکەوتنەی موسڵ داعش تووشی پاشەکشە و تێکشکان ھات  لە سەرانسەری ناوچە جیاجیاکانی جیهان، لە ئێستاشدا بە شوێن بەرماوەکانی  ئەو ڕێکخراوە دڕندەیەین  کە لە هەندێک ناوچەدا بەنیازە خۆی دەربخاتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە عێراقدا هیچ شوێن و پەناگەیەکی ئارام بۆ داعش نەماوەتەوە، کە بێ گومان ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاریی دانیشتووانی ناوچە ئازادکراوەکان و ئاشکراکردنی شوێن و حەشارگەکانیان.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق،  لە بەشێکی تری وتەکانیدا  جەختی کرد: سەرباری ئەوەی کە داعش ناتوانێت وەک جاران بە هەزار لایەنگر و چەکدار لە خۆی کۆبکاتەوە و دووبارە خۆی ڕێک بخاتەوە، بەڵام هۆشداریش دەدەین لەوەی کە ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێت و دەزگا ئاسایشتییەکانی جیھان ئاگاداری جموجوڵی ئەو ئەندامانەیان نەبن کە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان، ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تر لە دەوری یەک کۆببنەوەو ئەمجارەیان دڕندانەتر لە جاری پێشوو سەر ھەڵدەنەوە ، بۆیە دەشێت هەر ئەندامێکی گەڕاوەی داعش بە بۆمبێکی ئامادە کراو بشوبھێندرێت کە لە ھەر کات و ساتێکدا بۆی هەیە بتەقێتەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئەو بەرماوانەی چەتەکانی داعشیش کە ھێشتا لە ناوچەگەلێکی سووریادا سەقامگیرن وتی: ڕاستە کە ئێمە لە عێراق دا بە تەواوی داعشمان تەفروتوونا کردووە، بەڵام هێشتا لە سوریا چەند ناوچەیەکی فراوانی بەدەستەوەیە و بەهۆی دراوسێتییەوە مەترسیی لەسەر عێراق و سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە هەیە،  بەم پێیە داوا لە ھەموو وڵاتانی جیهان دەکەین کە هاوکاریی دەوڵەتی سوریاش بکرێت بۆ ئەوەی بە هەموولایەک شەڕی داعش یەکلایی بکەنەوە و لەو وڵاتەش دا کۆتایی پێ بهێنن و ڕێگای نەدرێتێ دزە بکاتە نێو وڵاتانی دیکەوە.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوەو قەیرانی عێراقیش لە ساڵی دووهەزاروچواردەو لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و تورکیاو ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی  گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کرا.