ته‌مووز 12, 2018 17:27 Asia/Tehran
  • ئەگەری چۆڵکرانی بەتەواوی گوندە سەرسنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە بەر شاڵاوەکانی سوپای تورکیا

فەرمانداریی ناوچەی سیدەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە : لەبەر شاڵاوەکانی سوپای تورکیا لەوانەیە گوندە سەرسنوورییەکانی ھەرێم بە تەواوی چۆڵ بکرێن.

بە پێی ڕاپۆرتی کورد پرێس، ئیحسان چەلەبی قایم قامی ناوچەی سیدەکانی سەربە پارێزگای ھەولێری  ھەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە کە گوندە سەر سنوورییەکانی ھەرێم کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیادا ھەڵکەوتوون لە بەر شاڵاوەکانی ئاسمانی و تۆپخانەو ھێرشی سەربازیی سوپای تورکیا لەم ناوچانەدا لە ھەل و مەرجێکی نالەباردان.

ئیحسان چەلەبی قایم قامی ناوچەی سیدەکان وتووشیەتی: لە بەر ئەو شاڵاوانەی تورکیا، ئەو گوندانە بەرەوڕووی چوڵکرانی یەکجاری بوونەتەوەو ئێستاکە دوانزە گوند لە حاڵی چۆڵ کراندان، چونکو لە بەر ئەو شاڵاوانە ئاسایشتیان لەنێو چووەو تووشی دڵەڕاوکێی ھەمیشەیی ھاتوون و ھەلی ئەنجام دانی کاروباری ڕۆژانە لەوانە کشت و کاڵ و ئاژەڵدارییان بۆ ناڕەخسێت.

ئەم کاربەدەستەی ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەروەھل جەختیشی کردوە کە، لە بەر ھێرشی بەردەوامی زەوینی و ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر ھەرێمی کوردستانی عێراق کۆچەرانی ناوچەکەش نەیانتوانیوە بچنە نێو ھەوارگەکانی ئەم ناوچەیەوە.

ئیحسان چەلەبی قایم قامی ناوچەی سیدەکان وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ھەتا ئێستا گوندی زۆر چۆڵ کراون، وشداریشی دا کە ئەگەر بێتوو ئەو شاڵاوانەی تورکیا ھەروا بەردەوام بن، دەیان گوندی دیکەش چۆڵ دەکرێن.

ھۆرشی بەربڵاوو بەردەوامی تورکیا بۆ سەر ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەموو جارێک لەگەڵ بێ دەنگە لێکردنی دەوڵەتی ھەرێم و پارتە دەستەڵاتدارەکانی ناوچەکەو دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دا بەرەوڕوو دەبێتەوە.