ئه‌یلوول 11, 2019 08:53 Asia/Tehran
  • هەرێمی کوردستان ئامادەیە یارمەتی بەرەکەوتووانی ڕووداوی کەربەلا بدات

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پەیامێکدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی لە قوربانیانی قەرەباڵخیی عاشورای حوسێنی لە کەربەلا، ڕایگەیاند کە هەرێم ئامادەیە یارمەتی بەرکەوتووان وبریندارانی ئەو ڕووداوە بدات.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس؛ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق پاش ڕوودانی ڕووداوی کەربەلا وێڕای ئاماژە بەوەی کە لەکاتی ڕوودانەکەی رۆژی عاشورا لەو شارە، زیاتر لە سی کەس لە تازیەداران گیانیان  لەدەست داوەو دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، هاوخەمیی خۆی لەگەڵ قوربانیانی ئەو ڕووداوە ڕاگەیاند و سەرەخۆشی کرد لەخێزانی شەهیدبووان.

ناوبراو وێڕای بەئاوات خواستنی ساخی و سەلامەتیی بۆ برینداران ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بۆ خستنەڕووی هەرچەشنە یارمەتی وهاوکارییەکی پزشکی و دەرمانی و هەروەها وەرگرتنی بەرکەوتووان و بریندارانی ئەو ڕووداوە، ئامادەیی تەواوی هەیە.

رۆژی سێ شەممە بەهۆی قەرەباڵخیی لەڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی عاشورای حوسێنی لە کەربەلای موعەلـلا لانیکەم سی ویەک تازیەدار گیانیان لەدەستداو١٠٠کەسیش بریندار بوون.

زیاتر لە چوار ملوێن زیارەتکار دوێنێ لە رۆژی عاشورادا لە کەربەلا ئامادەبوون.

رۆژی سێ شەممە دەیەمین رۆژی مانگی موحەڕەمولحەرام، ساڵڕۆژی شەهادەتی سالاری شەهیدان حەزرەتی ئیمام حوسێن(ع) ئیمامی سێهەمی شیعەکانی جیهان و یارانی بەوەفای بەڕێزی بوو.