ئاب 22, 2019 07:43 Asia/Tehran
  • سەرکردەیەکی باڵای یەکینەکانی پاراستنی گەل: ماوەی ھاتنی تورکیا بۆ باکووری سووریا نادەین

«پۆڵات جان» وێڕای ئاماژە کردن بە پەیوەندیی کوردو ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش، ھاوکاریی ھەردووکیانی بۆ بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانیان گەڕاندەوە.

«پۆڵات جان» نوێنەری (یەپەگە) لە ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپرێس وێڕای پێداگرتن لە سەر ڕۆڵی شەڕڤانانی کورد لە پێکھاتنی ھاوپەیمانی دژی داعش، وتیشی:: ھیچ ھێزێک لە ھەل و مەرجی ئەمڕۆی سووریادا نەیتوانیوە بە قەدەر ھێزە کوردەکان و ھاوپەیمانیی کوردی و عەرەبی و سریانی شان بە شانی ھێزە نێونەتەوەییەکان دژی داعش بەشەڕ بێت.

ناوبراو وتوشیەتی: ھێزەکانی ئێمە خۆیانیان سەلماند، ھاوکاریی ئێمە لەگەڵ ئەمریکاو ھاوپەیمانییەکە لەپاش ساڵی ٢٠١٤ بەدی ھات و ئەمەش کاتێک بوو کە ھێزەکانی ھاوپەیمان دوای خەرج کردنی ملیاران دۆلار بۆ تاقمەکانی دیکە، نەیانتوانی بە ئامانجەکانیان بگەن و ھەر بۆیە ھاتنە سەروەختی ئێمەوە.

ناوبراو جەختیشی کردووە: لە باسی ھەڕەشەو گوڕەشەکانی تورکیاش ئێمە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە ئەمریکامان وتووە کە قەت ناھێڵین تورکیا بێتە نێو خاکی سووریاوە.

«پۆڵات جان» نوێنەری (یەپەگە) لە ھاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش بە ڕاشکاوی ڕاشیگەیاندووە: ئەگەر بڕیار بێت ناوچەیەکی ئارام پێک بێت دەبێ داگری تەواوی سنوورەکانی سووریا بێت و ھەل و مەرجی ئێمەش لەبەرچاو بگیردرێت و تورکیا واز لە بانگەشەی ھێرشی سەربازی و دزەکردنە نێو خاکی سووریا بھێنێت.