ئاب 29, 2019 14:19 Asia/Tehran
  • کردەوەی ئەمریکا لە مەڕ ڕاپێچ کردنی کۆمەڵێک لە شارومەندانی سووری

ھێزەکانی ھاوپەیمانیی ئەمریکیی بەناو دژی داعش، کۆمەڵێک لە خەڵکی سڤیلی سووریایان لە گردوپەڕی دێرۆزووری ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتە ڕاپێچ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا«ساناِ»، ھێزەکانی ھاوپەیمانیی ئەمریکیی بەناو دژی داعش، لە درێژەی مرۆڤ ڕفاندن و سزادانی شارومەندانی سووری لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستەڵاتی شەڕڤانانی کوردی سووریادان، ڕۆژی چوارشەممەش کۆمەڵێک لە خەڵکی سڤیلی سووریایان لە  گوندەکانی « ئەلتیانە» و « ئەلجیعە» لە گردوپەڕی دێرۆزووری ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتە ڕاپێچ کرد.

سەرچاوە خۆجییەکان باسی ئەوەیان کردووە کە، ھێزەکانی ھاوپەیمانیی بەناو دژی داعشی ئەمریکی لە ئۆپراسیۆنی ھیلی بۆردی خۆیاندا ھەڵیانکوتایە سەر دوو ئاوایی « ئەلتیانە» و « ئەلجیعە» لە ڕۆژئاوای دێرۆزووری ڕۆژھەڵاتی سووریاو لانیکەم بیست و یەک کەس لە دانیشتووانی ئەم ناوچانەیان قۆڵبەست کردو ڕایانگواستن بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوچەکانی لە گردوپەڕی دێرۆزوور، ڕەققە و حەسەکە لە ڕۆژھەڵات و باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا لە ژێر ڕکێفی ھێزەکانی سووریای دیمئوکراتیک و کوردانی سووریادایە کە لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکییەوە داکۆکییان لێ دەکرێت.

جەماوەری ئەم ناوچانە نەیاری ھەرچەشنە ئامادە بوونێکی سەربازیی بیانییەکان لەوانە ئەمریکان لە خاکی سووریادا بە بێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی ناوەندیی ئەم وڵاتە. ئەمریکا بە بیانووی خەباتی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان ھێزەکانی خۆی لە خاکی سووریادا مۆڵ داوە.

ئەمە لەشکریانی ئەمریکی لە ناوچەسەر سنوورییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق  دەستیان کردووە بە دامەزراندنی پێگەی سەربازی و ئەمەش بابەتێکە کە دەوڵەتی دیمەشق لێبڕاوانە دژایەتیی لەگەڵدا دەکات.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزارو یازدەوە لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لەوانە تورکیا لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە و بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە. سوپای سووریا لەم دواییانەدا بە یارمەتیی موستەشاریانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگریی ڕووسیا توانیویەتی دۆسیەی تاقمی تیرۆریستی داعش لە وڵاتەکەی دا داخات و تاقمە تیرۆریستییەکانی دیکەش خەریکی شکست ھێنانی یەکجارین و ئەمەش ھەمان بابەتە کە لە ئێستادا ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل و لایەنگرە ڕۆژئاواییەکانی لەوانە ئەمریکای  پەرۆش و نیگەران کردووە.

 

 

سەرپەیڤ