ئه‌یلوول 17, 2019 08:49 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی  کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە ئانکارا

لە بەیاننامەی کۆتایی پێنجەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆک کۆمارانی وڵاتانی دەستەبەرکاری دانوستانی ئاستانە (ئیران، ڕووسیا و تورکیا) لە ئانکارادا، جەخت کرا لە سەر پێویستیی یەکپارچەیی خاکی سووریا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا لە ئانکاراوە؛ لە بەیاننامەی کۆتایی پێنجەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرۆک کۆمارانی وڵاتانی دەستەبەرکاری دانوستانی ئاستانە (ئیران، ڕووسیا و تورکیا) لە ئانکارا کە لە ١٤ بڕگەدا ئامادە و واژۆ کراوە، بە پێداگری لە سەر پێویستیی پارێزرانی یەکپارچەیی خاکی سووریا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرا کە بەرامبەر بە بنیاتنانەوەی سووریا و زیاتر کردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە زیاتر هەست بە بەرپرسایەتی بکەن.

سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لەو بەیاننامەیدا هەروەها بە ڕێککەوتن لە سەر بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی داهاتووی سێ لایەنە لە تاران،  پێداگرییان کرد لە سەر بەڵێنمەندیی خۆیان بە مافی سەروەری، سەربەخۆیی، یەکێتی و  یەکپارچەیی خاکی کۆماری عەرەبیی سووریا و هەروەها ئامانج و پرەنسیپەکانی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوەکان.

"حەسەن ڕۆحانی"، "ڕەجەب رتەیب ئەردوغان" و "ڤیلادمیر پوتین" سەرۆک کۆمارانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ئانکارادا پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر سووریایان بە تێکدەری پاوەجێی و بنپێکەری مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە زانی و ئەوەیان بە هۆکاری پەرە سەندنی کێشە و ناکۆکی لە ناوچەکەدا هێنایە ئەژمار.

لە بەیاننامەی کۆتایی سەرانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا لە ئانکارا جەخت کراوە کە دامەزرانی ئاسایش و پاوەجێی لەو ناوچەیە تەنیا لە ڕێگای ڕێزدانان بۆ مافی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا گونجاو دەبێ.

ئەم بەیاننامەیە هەروەها ڕاشکاوانە رادەگەیەنێ کە کێشەی سووریا هیچ ڕێگاچارەیەکی سەربازیی نییە و تەنیا لە ڕێگای پرۆسەیەکی سووری- سووری بە هاوکاریی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ئاراستەی بڕیارنامەی ٢٢٤٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێ کۆتایی پێ بهێندرێ.

ڕەزامەندی لە کارنامەی لێژنەی داڕێژەری یاسای بنەڕەتی، داکۆکی لە هەوڵەکانی نوێنەری تایبەتی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە کاروباری سووریا، هاسان کردنەوەی پرۆسەی دەسڕاگەیشتن بە  یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ هەموو خەڵکی سووریا، هاسان کردنەوەی ڕەوتی گەڕانەوەی هێور و دڵخوازانەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە سووریا و دڵنیابوون لە مافی گەڕانەوە و داکۆکی کران لەو ئاوارانە لە بڕگەکانی دیکەی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی سێ لایەنی ئانکارا بوو.

سەرپەیڤ