تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 07:54 Asia/Tehran
  • سەید حەسەن نەسروڵڵا: ئەمریکا جێی متمانە نییە

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان دوێشەو(سێ شەممە) بەئاماژە بە پشت کردنی ئەمریکا لە کوردەکانی سوریا وتی: ئەمریکییەکان نە پێبەندن بە ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانانیان و نە ڕێزیش دەگرن لەو ڕێککەوتنانە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا؛ "سەید حەسەن نەسروڵڵا" بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان، لەچاوتروکاندنێکدا وازیان هێنا لە کوردەکان، وتی: ئەوە چارەنووسی کەسانێکە کە پشت بەئەمریکا دەبەستن.

سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان وتی: هەرکەس دڵ بە ئەمریکا خۆش بکات سووک دەبێ.

کۆشکی سپی پاش پەیوەندیی تەلەیفونیی رۆژی دووشەممەی "دۆناڵد ترامپ"ی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ "رەجەب تەییب ئەردۆغان"ی سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی تورکیا بڕیاری داوە هێرشی سەربازی بکا بۆسەر ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی کوردەکان لەباکوری سوریا، هێزە ئەمریکییەکان لەو ناوچانە دەکشێنەوە.

کوردەکانی سوریا لە هاوپەیمانانی واشنگتۆنن. رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش پاش ئەو پەیوەندییە تەلەیفونییە، ڕایگەیاند، بەزوویی هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا دژ بەکوردانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەگرێ. لەبەرامبەریشدا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک(هەسەدە) وشدارییان دا کە هێرشی تورکیا دەکەن بە شەڕێکی تۆکمەوتەواو. سوپای تورکیا لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پەرلەمان پێی داوە، چەندین جار دەسدرێژی کردۆتەسەر خاکی سوریا. حکومەتی سوریا تائێستا چەندین جار هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی بە کردەیەکی داگیرکەرانە و پێشێلکرانی سەروەرییەکەی زانیوەو شەرمەزاری کردووە.