قاسمی: بانگەشەکانی بەحرەین دژی ئێران پوچەڵ و بێ ناوەڕۆکن
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی تازەی کاربەدەستانی بەحرەین لە بارەی پەیوەندیی تاقمێکی بەناو تیرۆڕیستی ناس کراو لەگەڵ ئێرانی بە پوچەڵ و بێ ناوەڕۆک زانی.
بەهرامی قاسمی وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە وتی : دەوڵەتی بەحرەین وا باشترە لە باتی چەواشەکاریی بێ ئاکام و چەندپاتەوە بوو، هەوڵی خۆی لە سەر ڕەچاو کردنی مافی شارومەندانی بەحرەین و کۆتایی هێنان بە داپڵۆساندن و ڕاپێچ کردنی مامۆستایانی ئایینی و دانی ئازادیی ڕادەربڕین بە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای بەحرەین چڕ کاتەوە.
قاسمی وتیشی: جێگای سەرسوڕمانە کە کاربەدەستانی بەحرەینی هەروا لە سەر دووپات کردنەوەی بانگەشەگەلی درۆینەو بێ بنەماو بێ ئەنجامی خۆیان و بوختان کردن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامن
وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامۆژگاریی دەوڵەتی بەحرەینی کرد کە، بە ڕەچاوکردنی نیازپاکی و دابی دراوسێیەتی لەگەڵ دراوسێ باکوورییەکەی واتە ئێران، کۆتایی بە دووپات کردنەوەی بوختانە بێ بنەماکانی بهێنێ و کێشەنێوخۆییەکانی خۆی بەوپەڕی زیرەکی و وریایی و ژیرییەوە چارەسەر بکات.
وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین ڕۆژی یەکشەممە باسی ڕاپێچ کردنی ئەندامانی تاقمێکی بەناو تیرۆریستی کرد و لە درێژەی بوختانە پتورکاوەکانیان دژی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە ئەو ڕاپێچ کراوانە لەگەڵ ئێران لە پەیوەندی دا بوون.